بڕیارە ئەمڕۆ لە عێراق سێ خۆپێشاندان لە عێراق ئەنجام بدرێ و بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ خۆپێشاندانەكان دژی یەكترن و ئەگەری بەریەكەوتنیش هەیە.
ئەمڕۆ هەینی 12ـی ئاب، بەغدای پایەتەخت سێ خۆپێشاندانی دژ بە یەك بەخۆیەوە دەبینێت، ئەوانیش لەلایەن لایەنگرانی رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هێزە مەدەنییەكان، خۆپێشاندانەكان لە ئامانج و دروشمەكانیان دژ بەیەكن، لەو كاتەی سەدرییەكان پاڵپشتی لە داوای موقتەدا سەدری سەكردەیان دەكەن و داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن، لایەنگرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای پاڵپشتیكردن لە پەرلەمان و دامەزراوە دەستوورییەكان دەكەن، هەرچی هێزە مەدەنییەكانن داوای گۆڕانكاریی سەرانسەری دەكەن.
بڕیارە خۆپێشاندانەكە لە سەعات پێنجی ئێوارە لایەنگرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نزیك پەرژینەكانی ناوچەی سەوز لە بەری پردی هەڵواسراو لە ناوەڕاستی بەغدا خۆپێشاندان ساز بكەن و پاڵپشتی خۆیان لە شەرعیەت و دامەزراوەكانی دەوڵەت دووپات بكەنەوە، داوای پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەت و رێگرتن لە پشێوی و شێواندنی دۆخەكە دەكەن.
هەرچی سەدرییەكانن، بڕیارە سەعات پێنج لەڕێی ئامۆژگاری بەرپرسانی هەر كەس لە پارێزگاكەی بەشداری لە خۆپێشاندانێكی فرەوان بكات، وەزیرەكەی سەدریش لە پۆستێكی نووسیوویەتی ئەوەیش بۆ دەمارگرتنی گەندەڵكاران كە بە ئێوە قەڵس دەبن، هەروەها بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی یاسایی و پێشكەیشكردنی بۆ دادگا بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانە.
بە هەمان شێوە كۆمەڵێك هێزە مەدەنییەكان، لە سەروویانەوەی حزبی شیوعی عێراقی و رەوت و رێكخراوە مەدەنییەكانیتر داوای خۆپێشاندانێكی فرەوانی جەماوەریان هەینی لە گۆڕەپانی فیردۆس لە ناوەڕاستی بەغدایان كردووە، ئەوان لە بەیاننامەیەكدا دووپاتیان لە گۆڕانكارییەكی دیموكراسی كردەوە و داوای خۆپێشاندانێكی فرەوانیان ئەمڕۆ هەینی لە بەغدا كرد.