سیستەمێكی هەسارەی دەرەكی بە ناوێكی كوردی ناو دەنرێ‌

:: AM:09:55:12/08/2022 ‌
رێكخراوی فەلەكناسیی كوردستان نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان دەكات لە پرۆژەی ناونانی سیستەمێكی هەسارەیی دەرەكیی لە ئەگەری پەسەندكردنی ناوێك ئەوا سیستەمی هەسارەیەكی دەرەكی بەناوی كورد دەكرێ‌.

بە بۆنەی یادی 10 یەمین ساڵەی دامەزراندنی نووسینگەی هۆشیاریی فەلەكیی OAO، یەكێتی فەلەكناسیی نێودەوڵەتیی –IAU  سێیەم پێشبڕكێی بۆ ناونانی 20 سیستەمی هەسارەیی دەرەكیی دەستپێكردووە، پێشبڕكێكە هەوڵدەدات فەلەكناسە پسپۆر و ئارەزوومەندەكان و خەڵكیش بە گشتیی كۆبكاتەوە و دەرفەتیان پێ بدات ناوی ئەو 20 هەسارە دەرەكییە هەڵبژێردراوە لەگەڵ ئەستێرەكانیان دابنێن. 

ئەمە دووەم جارە كە عێراق بەشداری تێدا دەكات دوای بەشداریكردنی سەركەوتووانەی ساڵی 2019 لەلایەن رێكخەری یەكێتی نێودەوڵەتی فەلەكناسی لە عێراق و ئەمجارەشیان بۆیەكەمجارە هەرێمی كوردستان تیایدا بەشدار دەبێ.

رێكخراوی فەلەكناسانی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، پێشبڕكێكە لەلایەن رێكخەری یەكێتی فەلەكناسی نێودەوڵەتی لە عێراق سەرپەرشتی دەكرێت و بەپێی ڕێنوێنییەكانی یەكێتی فەلەكناسی نێودەوڵەتی پێویستە ناوەكان گرنگییەكی كولتووری، مێژوویی یان زانستییان هەبێت كە گوزارشت لە هەرێمی كوردستان و عێراق بكات. 

باس لەوەش كراوە، لیژنەیەك لە نوێنەر و رێكخەری فەرمانگەی هۆشیاری فەلەكناسی لە عێراق و ئەم ناوانە رێكدەخەن لە رووی گرنگی یان گەڕانەوەی مێژوویی، فەرهەنگی یان زانستی لە كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستان و عێراقدا، وە بۆ راپەڕاندنی ئەم پڕۆژە ناوازەیە، نووسینگەی رێكخەری یەكێتی نێودەوڵەتی فەلەكناسی لە عێراق بە سوپاسەوە (رێكخراوی فەلەكناسیی كوردستان  - KAO) یان هەڵبژارد وەك نوێنەری هەرێمی كوردستان بۆ كۆكردنەوە و دەستنیشانكردنی چەندین ناو، گرنگییەكی مێژوویی و كولتووریی تایبەتی بە گەلی كوردەوە هەبێت و پاشان ناوە كاندید كراوەكان لە رێگەی رێكخراوەكەمانەوە ئاراستەی (نووسینگەی رێكخەری یەكێتی نێودەوڵەتی فەلەكناسی لە عێراق) دەكرێت و پاشان لەوانەش چەند ناوێكی زۆر سەرنجڕاكێشی (كوردی و عەرەبی) دەستنیشان دەكرێن و ئەوانیش بەرز دەكرێنەوە بۆ لیژنەی سەرەكیی (رێكخراوی فەلەكناسیی نێودەوڵەتیی) تا لە كۆتاییدا بڕیاریان لەسەردا بدرێت. 

باسیان لەوەش كردووە، ئەو ڕێكخراوە كوردییە هەڵدەستێت بە راگەیاندنی ئەو پڕۆژەیە لە هەرێمی كوردستان و لەكاتی پێویستدا رێنوێنییەكان بڵاو دەكاتەوە و هەوڵ دەدات گرنگترین ناوە مێژووییە - كولتوورییەكانی كورد و بە هاوكاری و بەشداریكردنی پسپۆڕانی مێژوویی و ئاسەواریی و كولتووریی نێو هەرێمی كوردستان ئەم پڕۆژەیە سەركەوتوو دەبێت تا ناوێكی كوردی بچێتە ناو سیستەمی هەسارەی دەرەكی.



وشە - رامیار جەواد