لە سلێمانی كەسێك پارەی هاووڵاتییان دەبات

:: PM:02:01:12/08/2022 ‌
بەپێی ئەو زانیاریانەی كە بە "وشە" دراون، هاووڵاتییەكی سنووری پارێزگای سلێمانی هەستاوە بە دانانی نووسینگەی وەرگرتنی پارە، پارەی لەو هاووڵاتییانەی وەرگرتووە كە بۆ گەیشتن بە ئەوروپا پارە دەخەوێنن، دوای ئەوەی پارەیەكی زۆر كۆدەكاتەوە، هەمووی دەبات و هەڵدێت، هاووڵاتییانیش سكاڵایان لەسەر تۆمار كردووە.

ئەمڕۆ هەینی 12ـی ئاب، جەبار گۆران گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی ئەوەی پشتڕاستكردەوە، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو كەسە هەستاوە بە دانانی نووسینگەی تایبەت بە وەرگرتەنی پارەو حەواڵە بەتایبەت بۆ ئەوانەی كە پارە دەخەوێنن بۆ گەیشتن بە ئەوروپا، پارەیەكی زۆری لەو كەسانە وەرگرتووە كە رێی ئەوروپا دەگرنەبەر، بەڵام ئەو كەسە هەر لەسەرەتاوە ئیشەكەی بە فێڵ دەستی پێكرد بوو، بە فێل خۆشی كردبوو بە خاوەنی نووسینگە.

زیاتر گوتی، دوای ئەوەی ژمارەیەك هاووڵاتی پارەی لەلای دەخەوێنن بۆ گەیشتن بە ئەوروپا، ئەو كەسە هەستاوە بە خواردنی پارەكەو دواتر خۆی شاردبووە و ئەوانەشی پارەیان لەلا خەواندبوو بۆ گەیشتن بە ئەوروپا كێشەیان بۆ دروست ببوو، ئەوانەی پارەیان دانابوو سكاڵایان تۆماركردووە لە پۆلیس.

باسی لەوەش كرد، ئەو كەسەی خۆی كردووە بە خاوەنی نووسینگە هەموو پارەی ئەو خەڵكەی بردووە كە لە لایان دایانابوو بۆ گەیشتن بە ئەوروپا، بڕەكەشی زۆر بووە لە نێوان 20 بۆ 30 دەفتەر دۆلار بووە، واتە 200 بۆ 300 هەزار دۆلار، دوای ئەوەی ئاشكرا دەبێت و سكاڵای لەسەر تۆماردەكرێت، ئەو كەسە دانیشتوی پارێزگای سلێمانی بووە، نووسینگەكەشی وەهمی بووە.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - رامیار جەواد