ئەگەری هەیە سەرەتای ساڵی 2023 عێراق پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی ڕابگرێ‌

:: AM:11:20:13/08/2022 ‌
پسپۆڕێكی دارایی لە عێراق رای دەگەیەنێت، ئەو دۆخەی لە عێراق هەیە لە ڕووی یاساییەوە، هیچ دەرفەتێك ناهێڵێتەوە تا حكوومەت بتوانێ مووچە و خەرجییەكان بدات.

دۆخی عێراق بەهۆی نەگەیشتنی لایەنە سیاسییەكان بە ڕێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ‌، بەرەو خراپی دەچێت، پسپۆڕێكی یاسایش هۆشداری دەدات لە بەردەوامیی ئەو دۆخە.

ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بمێنێتەوە، ئەگەری زۆرە حكوومەت نەتوانێ خەرجییە داراییەكانی دابین بكات.
ئەمڕۆ شەموو 13ـی ئاب، جەمال ئەسەدی پسپۆڕی یاسایی عێراق لە تویتەر نووسیویەتی، هیچ دەقێكی یاسایی نییە لە یاسایی بەڕێوەبردنی دارایی عێراقدا كە رێ بدات بە خەرجكردنی پارە بۆ هیچ دامەزراوەیەكی دارایی، لە دەرەوەی یاسای بودجە و دوای كۆتاهاتنی ساڵی دارایی.

ئەو پسپۆڕە دەڵێت، ئێمە بەرەو بۆشاییەكی یاسایی دەڕۆین و ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بمێنێتەوە، ئەگەری زۆرە حكوومەت نەتوانێ خەرجییە داراییەكانی دابین بكات.

باسی لەوەش كردووە، ئەگەری زۆر هەیە مووچەی فەرمانبەرانیش لە مانگی كانوونی دووەمی 2023 بوەستێت.

هۆشداریی ئەو پسپۆڕە داراییەی عێراق لە كاتێكدایە، ئێستە دۆخی عێراق ڕۆژانە بەرەو خراپی دەچێت، هیچ هیوایەك نییە بۆ باشبوونی و تەواوی دامەزراوەكان بەهۆی خۆپێشاندان بەرەو وەستان لەكار هەنگاو دەنێن.




وشە - رامیار جەواد