ڤیدیۆیهك لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەوە، تێیدا دەردەکەوێت ئەندەرسۆن پیتەرز پاڵەوانی جیهان لە ههڵدانی رم لەناو بەلەمێکدا لە لایەن شەش کەسەوە هێرشی دەکرێتە سەر و لێی دهدرێت.
چهند كهسێك له ئامادهبووانی ئاههنگێك له ناو بهلهم، کە له بەندەری سانت جۆرج لە دهریای کاریبی بووه، وێنەی رووداوەكهیان گرتووه، کە بە فڕێدانی پاڵەوانی جیهان لە ئاوەکەدا کۆتایی دێت.
رۆژنامەی "مارکا"ی ئیسپانی بڵاوی کردەوە، پۆلیسی گرێنادا، کە دوورگهیهكی سهربهخۆیه و دەکەوێتە وێست ئیندز لە دەریای کاریبی، تۆمەتبارەکانیان دەستگیرکردووە و تا ئێستهش لێکۆڵینەوە بەردەوامە بۆ زانینی هۆکاری ئەو شەڕە، کە پیتەرز تێوەگلاوە لەگەڵ ئەو کەسانەدا، کە دەگوترێت خەڵکی ترینیداد و تۆباگۆن.
پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە، پیتەرزی تەمەن 24 ساڵ بە مەبەستی چارەسەرکردن گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و چەند سهعاتێک دواتر نەخۆشخانەی جێ هێشتووه.
هاوکات پۆڵ فیلیپی راهێنەری یاریزان پیتەرز، تەندروستی یاریزانەکە و ئەو پێکانانەی لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا تووشی بووە، ئاشکرا دەکات.
فیلیپ لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا کە لەلایەن "مارکا"ـەوە تیشکی خراوهته سەر، پشتڕاستی کردەوە پیتێرز تووشی پێکان بووە لە پاژنەی پێی چەپیدا، ئەمە جگە لە کێشەی ئەژنۆ و مل و دەموچاوی.
بە گوتەی ئەو راهێنەرە، پێكانەكەی پیتەرز لە پاژنەی پێیدا مایەی نیگەرانییەكی زۆرە بۆ ئەو، بەتایبەتی كە پێشتر پێی شكاوە و رەنگە هەموو ئەمانەش هۆكار بن بۆ ئامادەنەكردنی ئەو یاریزانە بۆ خولی ئەڵماسی، كە بڕیارە له 26ی ئابی داهاتوو لە شاری لۆزان بەڕێوەبچێت.
ئەندەرسۆن پیتەرز لە ساڵی 2019 مهدالیای زێڕی پاڵەوانیهتیی جیهانی لە دهوحە بەدەست هێنا، هەروەها مهدالیای زێڕی پاڵەوانیهتیی جیهانی لە یوجین لە ساڵی 2022 بردهوه.