هێزێكی زۆری چەكداری لە نزیك سەرۆكایەتی شارەوانیی سلێمانی بڵاو دەكرێتەوە، بۆ ماوەی 15 خولەك دەمێننەوە و دواتر ئەو شوێنە جێدەهێڵن.
ئەمڕۆ سێشەم 16ـی ئاب، هێزێكی كۆماندۆ كە سەرجەمیان چەكدار بوون، لە نزیك سەرۆكایەتی شارەوانیی سلێمانی بڵاوەیان پێ كرا و بۆ ماوەی 15 خولەك لە شوێنەكە مانەوە.
وەستانی ئەو هێزە پێوەندیی بە شارەوانی نەبووە.
ئەو هێزە نزیكەی 15 ئۆتۆمبێلی سەربازی دەبوون، مانەوەیان لەو شوێنە ترس و دڵەڕاوكێی لای هاووڵاتییان دروست كردبوو، بەڵام دواتر ئەو شوێنەیان جێهێشت.
"وشە" زانیویەتی، ئەو هێزە نەچوونەتە ناو سەرۆكایەتی شارەوانیی سلێمانی و دەوام ئاساییە، وەستانی ئەو هێزە پێوەندیی بە شارەوانی نەبووە.
بڵاوكردنەوەی ئەو هێزە لە كاتێكدایە ڕۆژی 14ـی ئاب، لەناو بازاڕی سلێمانی لەلایەن ئاسایش تەقە كرا و هاووڵاتییەك گیانی لە دەست دا، ئێستە بوونی جووڵەی ئەو هێزانە لای هاووڵاتییان بە ترسەوە سەیر دەكرێ.