كێ‌ سەرۆك بارزانی لە هەوڵێكی تیرۆر لەلایەن پەكەكەوە رزگار كرد؟

:: PM:09:38:17/08/2022 ‌
لە بەشی نۆیەمی كتێبی" بارزانی و بزووتنەوەی رزگاری خوازی گەلی كورد" كە لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە نووسراوە، ئاماژە بە رۆڵی تێكدەرانەی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان كراوە. 

سەرۆك لەو بەشەدا دەڵێ‌، كێشەی سەرەكیی پەكەكە ئەوەیە كە خۆی بە جێگرەوەی هەموو لایەن و پارتە كوردستانییەكانی دەزانێت و لە پێناو بەرژەوەندییەكانیدا دەست بۆ هەموو جۆرە رەفتار و هەڵسوكەوتێك دەبات، هەزمكردنی سەركەوتنە گەورەكانی گەلی كورد دوای راپەڕینی 1991 بۆ پەكەكە كارێكی قورس بوو، چاویان بە پێشكەوتنەكانی كوردستان هەڵنەدەهات. 

سەرۆك بارزانی نووسیویەتی " دوای هەڵبژاردنەكانی 19ی ئایاری 1992 و دامەزراندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەكەكە لە ئەوروپا چەند كەسێكی كۆ كردەوە و پەرلەمانێكی بەناوی "KNK" لە دەرەوە دامەزراند، مەبەستی پەكەكە تەنیا كەمكردنەوەی قورسایی پەرلەمانی یاسایی و شەرعی كوردستان بوو، دەستیان كرد بە پڕوپاگەندە دژی هەرێمی كوردستان، لەو دژایەتییەدا فۆكسی سەرەكیان لەسەر پارتی بوو، چونكە ئەوكات و دواتریش پارتی بە كۆسپێكی گەورە دەزانن لەسەر رێگایان".

لاپەرە 193، كتێبی بارزانی بزوونتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد. 1991 - 2002
" راستە پێشتر پێوەندییان لەگەڵ پارتی هەبوو، بەڵام ئەوان وان هەركەس و لایەنێك وەك ئەوان بیر نەكاتەوە، بەچاوی دوژمن سەیری دەكەن، با پێوەندیشیان لەگەڵیدا هەبووبێ‌، پەكەكە پێوەندی لەگەڵ بەشێك لە وڵاتانی دژ بە بەرژەوەندییەكانی كوردستان هەبوو، ژمارەیەكی زۆر لە سەركردەكانیان كورد نین، بە تەواوی لە خزمەتی حكوومەتی سووریادا بوون فەرمان و موخابەراتی سووریایان جێبەجێ‌ دەكرد، هەوڵێكی زۆرمان دا بۆ ئەوەی دەست نەخەنە ناو كاروباری هەرێمی كوردستانەوە، بە زارەكی رازی بوون، بەڵام بە كردەوە هەموو شتێكیان دەكرد، ئەوەی نەشیان كردووە ئەوەیە كە پێیان نەكراوە" سەرۆك بارزانی وا دەڵێ‌. 

هەروەها لە بەشێكی تری كتێبەكەیدا ئاماژە بەرووداوێكی تری مێژووی دەكات و نووسیویەتی، لەكاتی بەڕێوەچوونی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەغدا، هاتوچۆیەكی زۆر دەكرا، رۆژێكیان لەكاتی كۆبوونەوەی بەرەی كوردستانی لە شەقڵاوە هەواڵیان بۆ هێناین كە لە گەرووی میراوا تەقە هەیە، دواتر دەركەوت كە چەند چەكدارێك خۆیان شاردووەتەوە، كادیرێكی یەكێتی بەناوی تەحسین كاوانی سەردانی شوێنی تەقەكەی كردبوو بۆ ئەوەی بزانێت بابەتەكە چییە و تەقەكەران كێن، چەندین جار بانگی كردبوون كەس وەڵامی نەدابووەوە ئەویش تەقەی كردبوو چەند كەسێك لە تەقەكەران كوژرابوون. دواتر مام جەلال پێی گوتم " لە بیرتە كاتی خۆی باسی رووداوەكەم بۆ كردی؟" گوتم "بەڵێ‌".

گوتی" ئەوكات حەزم نەكرد پێت بڵێم، ئەوان مەفرەزەیەكی پەكەكە بوون، بە چاوساغی گرووپێكی كوردیی خۆمان، هاتبوون بۆ تیرۆركردنی جەنابت". بڕوام بەوە كرد، چونكە دەزانم ئەو جۆرە شتانە لەوان دوور نییە. 

لە لاپەرە 193، بەرگی پێنجەمی كتێبی بارزانی بزوونتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد. 1991 - 2002، وەرگیراوە.



وشە - وشه‌