فەرماندەیەكی سەرایا سەلام و پاسەوانێكی لە بەسرە كوژران

:: AM:09:14:01/09/2022 ‌
سەرچاوەیەكی تەناهی ئەمڕۆ لە بەسرە رای گەیاند، شەوی رابردوو فەرماندەیەكی سەرایا سەلامی سەربە رەوتی سەدر و پاسەوانێكی لە ناوەندی بەسرە كوژران. هێزەكانی تەناهیش رایان گەیاندووە كە چەند گومانلێكراوێكیان گرتووە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی ئەیلوول، لەسەر زاری سەرچاوەیەكی تەناهی لە بەسرە بڵاوی كردووەتەوە، شەوی رابردوو لەناو شاری بەسرەدا تەقە و پێكدادان رووی دا، بەهۆیەوە فەرماندەیەكی سەرایا سەلام و پاسەوانێكی كوژراون. هێزەكانی تەناهیش چەند گومانلێكراوێكیان گرتووە و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكەن.

ئەو فەرماندەیەی سەرایا سەلامی سەربە رەوتی سەدر كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتیی دەكات، ناوی "حوسێن فوئاد"ـە و لە گەڕەكی ریهەی ناوەندی بەسرە، وێڕای پاسەوانێكی تووشی شەڕ و پێكدادان بوون و هەردووكیان كوژراون. تا ئێستە ئاشكرا نەكراوە هۆی روودانی رووداوەكە چی بووە.

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییاندا قسەوباسێكی زۆر لەبارەی ئەو رووداوە دەكرێت، لە هەندێكیاندا ئاماژە بە چەكدارانی عەسائیبی سەربە قەیس خەزعەلی دەكرێ، بەڵام لایەنی پێوەندیداری فەرمی ئەوەی پشتڕاست نەكردووەتەوە.

بەڵام شانەی راگەیاندنی تەناهی دووپاتی كردووەتەوە، دۆخەكە كۆنترۆڵ كراوە و ئێستە دۆخی شارەكە ئارامە، هێزێكی زۆری تەناهیش لەناو شارەكەدا بڵاوەیان پێ كراوە.

دوای رووداوەكانی دووشەم و سێشەمی رابردوو كە لایەنگرانی رەوتی سەدر لە ناوچەی سەوزی بەغدا، خۆپێشاندانیان كرد و هەڵیانكوتایە سەر بارەگای سەرەكیی كۆمار، رۆژێك پاشتر موقتەدا سەدر داوای لە خۆپێشاندەران كرد لە ماوەیەك یەك سەعاتدا گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندان و ناوچەی سەوز چۆڵ بكەن و بگەڕێنەوە ناو ماڵەكانیان. دەستبەجێ دۆخی بەغدا ئاسایی بووەوە.

لەو دۆخەدا زیاتر لە 20 كەس كوژراون و نزیكەی 300 كەسیش بریندار بوون.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د