تەواوی ئەندامانی خێزانێك لەناو ماڵەكەیان كوژران

:: PM:11:39:04/09/2022 ‌

دۆخی عێراق بەرەو خراپتر دەچێت، جیا لە تەنگژەی سیاسی، تەنگژەیەكی سەختی ئابووری و تەناهی و كۆمەڵایەتیش هەیە، لە پارێزگای سەڵاحەدین لە ناوەڕاستی عێراق لە رووداوێكی تاوانكاریدا، تەواوی ئەندامانی خێزانێك بە كوژراوی لەناو ماڵەكەیان دۆزرانەوە.
خەڵكی دیالەن و لە 2009وە هاتوونەتە تكریت
سەرچاوەیەكی تەناهی لەوبارەوە گوتی، ئەو خێزانە لە چوار كەس پێكهاتبوو، دایكێك و دوو كچی و كوڕێكی كە پیشەی پزیشك بووە، ئەوان لەناو ماڵەكەیان لە شاری تكریت، سەنتەری پارێزگای سەڵاحەدین بە كوژراوری دۆزرانەوە.

بەپێی زانیارییەكان ئەو خێزانە خەڵكی دیالەن، ماوەی چەند رۆژێكە كوڕێكی تریان، كە لە ئەڵمانیایە، پێوەندیان پێوە دەكات، بەڵام وەڵامیان نەبووە، ئەوە وای كردووە كە بگەڕێتەوە و بچێتە ماڵەوە، كاتێك لە دەرگەی داوە كەس دەرگەی نەكردووەتەوە، بۆیە چووەتە ژوورەوە و تەرمی چوار ئەندامی خێزانەكەی بە كوژراوی دۆزیوەتەوە.

دوای ئەوە كوڕەكە هەواڵی بە پۆلیس داوە و دەست بە لێكۆڵینەوە كراوە تۆماری كامێراكان دەستی بەسەردا گیراوە بۆ ئاشكراكردنی رووداوەكە و گەیشتن بە ئەنجامدەرانی، بەپێی سەرچاوەكە ئەو خێزانە خەڵكی دیالەن و لە 2009وە هاتوونەتە تكریت، رووداوەكەیش پێش زیاتر لە سێ رۆژ رووی داوە، ئەوەیش وای كرد تەرمەكان شی ببنەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل