بۆچی خەڵك ئالوودی مادە سێكسییەكان دەبن؟

:: PM:07:12:11/09/2022 ‌

سێكس یەكێكە لە غەریزەكانی مرۆڤ، جیا لەوەی چێژبەخشە، ئەرك و فەرمانی تری هەیە، لەوانە وچەخستنەوە و ئامراز و رێگەیەكە بۆ بەردەوامیی مرۆڤایەتی و لەناونەچوونی، تەنیا رێگەیە بۆ دروستكردنی خێزان و هۆكاریشە بۆ بەختەوەریی خێزانەكان، بەڵام كەسانێك ئالوودەی پۆرن و مادە سێكسییەكانن، جا بە شێوەی لادان بێت یان لە سنووری ئاساییەكەی، بەڵام ئالوودەبوون بۆچی روو دەدا و چارەسەری چییە؟

تا ئێستە دەیان توێژینەوەی زانستی لەبارەی پاڵنەری خواستی بینینی فیلم و ڤیدیۆ سێكسییەكان هەیە، لەوانە باسی ئەوە دەكەن ئەو كەسانە حەزی بینینی زیاتریان هەیە، یان دەیانەوێ لەو رێگەیەوە لە رارایی و بێزاری دوور بكەونەوە و هۆكاری تریش هەیە، محەمەد مەقهەوی، راوێژكاری پزیشكی دەروونی و ئالوودەبوون دەڵێت، ئەو ئالوودەبوونە لەسەر ئاستی دنیا لەزیادبووندایە، كاتێك لە هەر چركەیەكدا سێ هەزار كەس سەیری دیمەنە سێكسییەكان دەكەن، لە 2016 ژمارەی سەردانیكردنەكان 43 ملیار بووە و لە 2018 بووەتە 91 ملیار سەردانیكردن. 
لە هەر چركەیەكدا سێ هەزار كەس سەیری دیمەنە سێكسییەكان دەكەن
توێژینەوەیەكی نوێ باسی ئەوە دەكات كە زۆر سەیركردنی مادە و فیلمە سێكسییەكان، ئەوكات دەبێتە كێشە كە كاریگەری نەرێنی لەسەر بواری جیاجیای ژیانی مرۆڤ دادەنێت، وەك كاركردن و قوتابخانە و خوێندن و پێوەندییەكان و وای لێ دێت بە زەحمەت كۆنترۆل دەكرێت.

كریستۆفەر هاند، توێژەری سەرەكیی توێژینەوەكە دەڵێت، ئەنجامەكان دەری دەخەن كە پێوەندییەكی بەهێز لە نێوان زۆر سەیركردنی ئەو فیلمانە و تووشبوونی ئەو كەسانە بە وەسواسی و رووبەڕووبوونەوەی بیری بێئەخلاقی و هەستكردنیان بە ترس لەوەی ئەوان شەڕانگێز و بێئەخلاقن. 

رەشا جوندی، مامۆستای تەندروستی دەروونی میسری دەڵێت، چوار هۆكاری سەرەكی هەن لەپشت یالوودەبوون بە سەیركردنی مادە سێكسییەكان، سەرەتا بە حەزی زیاتر زانین و بینین دەست پێ دەكات، بەتایبەتی لە سەردەمی هەرزەكاری ئەو هەستە بەهێزە، دووەم، ئەگەری هەیە ئەو كەسە هەست و خواستی پەككراو و قەتیسبووی سێكسی هەبێت، كە ژنی نەهێنابێت یان گەنجێك بێت هەرزەكاری بەسەریدا زاڵ بێت.

جوندی لەبارەی سێیەم هۆكارەوە دەڵێت، شاردنەوەی زۆری حەز و خواستە سێكسییەكان، وەك بێبەشكردنی باوان بۆ كوڕەكەیان لە هەموو شتێك، چوارەمیش كرانەوەی زیاد لە پێویست و رێگەپێدانی كە شتێكی ئاساییە لەو تەمەنە، هۆكارێكی ترە.   

ئەو شارەزایە دەروونییە پێی وایە رزگاربوون لەو ئالوودەبوونە بە هەنگاو دەبێت، بە هاوشێوەی رزگاربوون لە ئالوودەبوون بە مادەی هۆشبەر، كە مادەكە بە هەنگاو لە لەشیان دەردەهێنرێت، چونكە زەحمەتە بە رۆژێك واز لەو مادە سێكسییانە بهێنرێت، گرنگە هۆكاری بەركەوتنی ئەو مادانەیش دیاری بكرێت و شوێنگرەوەی پێ بدرێت، واتە دەبێت چارەسەر بكرێت نەك ركابەری.

لەبارەی كاریگەری بینین ئەو مادە سێكسییانە لەسەر مرۆڤ، توێژینەوەكا دەڵێن، چەندان كاریگەریان هەیە، لەوانە پێوەست بە تەندروستی مێشك و توندوتیژی رەگەزی و پێشبنی و بیركردنەوەی خەیاڵی لەسەر سێكس و جەستەی رەگەزی بەرانبەر و خراپبوونی پێوەندییەكان و هیتریش.

بەپێی توێژینەوەكان ئەو ئالوودەبوونە كار دەكاتە سەر نزیكەی سێ بۆ شەش لە سەتای كەسانی پێگەیشتوو، پرۆفیسۆر ئالان ماكی، توێژەری ئوسترالی لە مادە سێكسییەكان، كە لەگەڵ سێ توێژەری تر هاوكاری كردووە بۆ چاوخشاندن بە توێژینەوەكانی 50 ساڵ لەبارەی ئەو بابەتەوە، ئەنجامەكەیشی لە چوارچێوەی كتێبێك بڵاو كردووەتەوە دەڵێت، كاریگەریی ئالوودەبوونی مادە سێكسییەكان كێشەیەكی گەورەیە بۆ زۆر كەس.

روونی كردەوە، ئەوەی بێزاری كردین توێژینەوە زانستییەكان لەو بارەوە دژبەیەكییەكیان تیادایە، بۆیە تەنیا كەمێك لەبارەی پێوەندی لە نێوان سەیركردنی ئەو مادانە و سێكسی تەندروست دەزانین، بۆ یارمەتیدانی گەنجان لەبارەی چۆنیەتی سەیركردنی ئەو مادە سێكسیانە و چۆنیەتی دەستبەرداربوونیان لە رێگەی پەروەردەیەكی سێكسی، پێویستمان بە فێركردنێكی باشتری سێكسی بۆ ئەوان هەیە، واتە لەسەر بنەمای رازیبوون و چێژبینین و رێزگرتن و یەكسانی.   

ماكی روونی دەكاتەوە، گەنجەكان بۆیە هەوڵ دەدەن لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بەدوای ئەو بابەتانەدا بگەڕێن، چونكە باوان و قوتابخانە ئەوەی پێویستە بیزانن پێیان نابەخشن، بۆیە دەبێت گۆڕانكاری لە سیستمی باوكایەتی بكرێت، واتە با ئەو فیلمە سێكسیانە نەبنە تەنیا سەرچاوەی پێدانی زانیاری لەبارەی سێكس بە منداڵەكانتان.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل