"كۆنگرەی پارتی نموونەیی دەبێت"

:: PM:09:59:13/09/2022 ‌
لە دیمانەیەكدا لەگەڵ "وشە" كاكەمین نەجار ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی هەولێری ئەو حزبە، باسی ئامادەكارییەكانی كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات و دووپاتی دەكاتەوە كە كۆنگرەیەكی نموونەیی دەبێت، هەروەها لەسەر دۆخی سلێمانی دەڵێ‌، هیچ هێزێك ناتوانێ‌ پارتی و سلێمانی لە یەكتر دوور بخاتەوە.

دەمەوێ‌ سەرەتا پرسیار لەسەر كۆنگرەی پارتی بكەم، چی كراوە و بەنیازن چی بكەن؟ 
كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەپێی پێڕەوی ناوخۆ دەكرێت و ئێستە ئامادەكارییەكان لە تەواوبووندان، بەگوێرەی پێڕەوی ناوخۆی پارتی سەرەتا ئەندامانی كۆنگرە هەڵدەبژێرێن و هەموو ئەندامێكی پارتی مافی ئەوەی هەیە خۆی هەڵبژێرێت، هەموو ئەندامێكیش دەتوانێ‌ بە ئازادی دەنگ بدات، كە ئەندامانی كۆنگرە هاتنە هەڵبژاردن، لە كۆنگرە سەركردایەتییەكی نوێ‌ بۆ پارتی هەڵدەبژێرێ‌ و دەسەڵاتی هەموو گۆڕانكارییەكیش هەیە لە گۆڕینی پێڕەو و پرۆگرام، دانانی بەرنامەی داهاتوویش هەر بڕیاری لەسەر دەدرێ‌. ئێستە هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆنگرە بەشێوەیەكی رێكوپێك بەڕێوە دەچێت.

دەمەوێ‌ دووپات لەوە بكەمەوە كە ئەندامانی ئەنجوومەن خۆیان خۆیان هەڵنەبژارد، چونكە پشكی ئێمە دوو كەس بوو لێرە
تا ئێستە هیچ لقێك ماوە هەڵبژاردنی تێدا بكرێ‌؟ 
هەندێك لق ماون، لە هەولێر نیوە هەڵبژاردنی بۆ كراوە و نیوەی تر ماوە كە لە چەند رۆژی داهاتوو پرۆسەكە بەڕێوە دەچێت.

لەسەر هەڵبژاردنی ئەندامان بۆ كۆنگرە لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی هەولێر هەندێك قسە كران، كە گوایە دەستوەردان هەبووە؟ 
سروشتی هەڵبژاردن وایە، هەیە دەیباتەوە و هەیە دەمێنێتەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە گلەیی دەكات، ئەوەی قسە كراوە هەندێك خەڵكی دەرەوەی پارتین. دەبێت ئەوە روون بێ‌ كە لە هەڵبژاردن لیژنەی دادوەری و تایبەتمەند هەیە و هەڵبژاردن بە دەستی كاكەمین نییە تا دەستوەردان بكەم، بۆیە دوور و نزیك پێوەندیم بە هەڵبژاردن لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی نەبووە، لیژنەی باڵای هەڵبژاردن بڕیاری لەسەر پرۆسەكە داوە، هەندێك قسە كرابوو كە لەناو ئەنجوومەن خۆیان هەڵنەبژاردووە بۆ كۆبوونەوە، دەمەوێ‌ دووپات لەوە بكەمەوە كە ئەندامانی ئەنجوومەن خۆیان خۆیان هەڵنەبژارد، چونكە پشكی ئێمە دوو كەس بوو لێرە و ئەندامانی ئەنجوومەن حەوت كەس بوون، گوتیان ئەگەر دوو كەسمان بڕۆین، پێنج كەس دەمێنینەوە، بۆیە پێویستە هەموومان پێكەوە بین و كەسمان خۆمان هەڵنابژێرین، ئەگەر دواتر بڕیارێك هەبوو دەچینە كۆنگرە، كاتێكیش هەڵبژاردن كرا، دوو كەس خۆیان كاندید كرد و دەرچوون.

نوێبوونەوەی پارتی لە كۆنگرە ئامانجە؟
كۆنگرەیەكی نموونەیی دەبێت، چونكە ئەو كادرانەی كە دەرچوون بۆ هەڵبژاردن كەسی لێهاتوو و نموونەین و كاروباری حزبی دەكەن و پێشتر ئەزموونی سیاسییان هەیە، بۆیە لەسەر بنەمای ئەوە كۆنگرەیەكی نموونەیی دەبێت.

لە مەكتەبی سیاسیی پارتی، باسی هیچ سیستمێك بۆ سەرۆكایەتی كراوە؟ 
جارێ‌ باسی ئەو پرسە نەكراوە و هێشتا كاروباری تر ماون كە پێویستە بكرێن، دواتر قسە لەسەر كۆی كاروباری رێكخستنەوەی كۆنگرە دەكرێت.

ئەگەر بچینە عێراق، دۆخی عێراق تاكەی وا دەبێت و رۆڵی پارتی لە چارەسەری كێشەكان چییە؟ 
ئەو بارودۆخەی كە لە عێراق هەیە پێوەندی بە كورد و سوننەوە نییە بەقەد ئەوەی راستەوخۆ پێوەندی بە كێشەی ناوخۆی شیعەوە هەیە و ئەوان دابەشی دوو بوون، هەردوو بەرە كێشە بۆ یەكتر دروست دەكەن، ئێستە هەوڵێك هەیە كە دوای عاشوورا حكوومەت پێكبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە چارەسەری ئەو دۆخە دەكرێ‌ و پارتیش بەردەوام لەگەڵ چارەسەرە نەك تێكچوونی دۆخی عێراق كە پێمان وایە كەس لەسەر ئەوە سوود وەرناگرێ‌.

هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ یەكێتی كراوە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار؟
شاندێك لەو ناوەندەدا گفتوگۆ دەكەن، بەڵام جارێ‌ دیار نییە چۆن رێكدەكەون. 

پێوەندیتان لەگەڵ یەكێتی بە گشتی چۆنە؟
پێوەندیمان لەگەڵ یەكێتی خراپ نییە، بەگشتی چوونەپێشەوە هەیە لە كارەكان و پێوەندییەكان، چونكە ئێمە و یەكێتی پێكەوە هاوبەشی ئیدارە و حكوومەتین، هەندێك جار كێشە لە نێوانمان هەیە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە كە بەردەوام رووبەڕووی یەكتر بوەستین.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا زۆر هەوڵ درا پارتی لە سلێمانی ناشیرین بكرێ‌؟ هەستتان بەوە كردووە؟
پارتی لە سلێمانی سەركردایەتی و پێشمەرگە و ماڵە شەهیدی هەیە كە دەیان كەسمان لەوێ‌ شەهید بوون، سلێمانی چۆن لە پارتی دوور دەخرێتەوە؟ ئاسان نییە، رەنگە دەنگمان كەم بێت تا ئاستێك، هیچ هێزێك ناتوانێ‌ سلێمانی و پارتی لە یەكتر دوور بخاتەوە و ئەوە قورسە.







وشە - وشه‌