بەهۆی ژینا ئەمینییەوە ئەمەریكا سزای زیاتری ئێران دەدات

:: PM:09:24:22/09/2022 ‌

تا دێت لێكەوت و كاردانەوەی تاوانی ئازاردان و كۆچی دوایی گوماناوی ژینا ئەمینی /22 ساڵ/، فرەوانتر دەبێت، بەدەر لەو ناڕەزایەتییە فرەوانەی لە زۆرێك لە ناوچەكانی ئێران بەردەوامە، كە بووەتە دەروازەیەك بۆ دەبڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر یاسا توندڕۆكانی ئێران بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان، بەتایبەتی دژ بە ژنان، ئەمەریكا هاتە سەر خەت و سزای زیاتر بەسەر ئەو وڵاتە دەسەپێنێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر پۆلیسی ئادابی ئێرانی و ژمارەیەك بەرپرسی تەناهی ئەو وڵاتە بەهۆی هەڵسوكەوت و رەفتاریان لە بەرانبەر بە خۆپێشاندەران سەپاند، جیا لە پرسی كۆچی دوایی گوماناوی ژینا ئەمینی لە دوای گرتنی لەلایەن ئەو هێزەوە.
ئیدارەی بایدن پابەندە بە بەرگریكردن لە مافی مرۆڤ و مافی ژنان لە ئێران و دنیا
لە بەیاننامەیەكدا خاتوو جانیت یلین، وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا گوتی، ئەو سزایانە پۆلیسی ئاداب و گەورە بەرپرسانی تەناهیی ئێران و بەرپرسان لە سەركوتكردنی خۆپێشاندەران دەگرێتەوە، سزاكان پابەندی ئیدارەی سەرۆك بایدن بە بەرگریكردن لە مافی مرۆڤ و مافی ژنان لە ئێران و دنیا دووپات دەكەنەوە.

ژینا "مەهسا" ئەمینی خەڵكی سەقزە، لە 13ی ئەیلوول لەگەڵ براكەی سەردانی تارانی كرد، لەوێ لەلایەن پۆلیسی ئاداب بە پاساوی جێبەجێنەكردنی یاسای باڵاپۆشی گیرا، دوای سەعاتێك بە بێهۆشی گەیەنرایە نەخۆشخانە و دوای سێ رۆژ مانەوە گیانی لە دەست دا، بەپێی هەواڵەكان لەكاتی گواستنەوەی ژینا بۆ بنكەی پۆلیس لە سەری دراوە، بۆیە گیانی لەدەست داوە، ئەو رووداوە بووە پرووشكی ئاگری ناڕەزایەتییەكی فرەوان كە زۆرێك لە شارەكانی ئێرانی گرتووەتەوە و بەردەوامە.

17ی ئەم مانگە بە بەشداری هەزاران كەس لە دانیشتووانی سەقز، تەرمی ژینا بە گوتنەوەی سروودی ئەی رەقیب بەخاك سپێردرا و چەندان دروشمی توند لە دژی رژێمی ئێران گوترایەوە، 19ی ئەم مانگەیش مانگرتنی گشتی لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەڕێوە چوو، لە هەندێك شوێنیش خۆپێشاندان كرا و بەردەوامیشە، پۆلیس و هێزە تەناهییەكانی ئێران بە زەبری چەك هەوڵی سەركوتكردنی دەدەن.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل