ئیمپراتۆری موزیك ئاهەنگێكی گەورە لە كۆشكی سپی ساز دەكات

:: AM:11:00:24/09/2022 ‌
ئیلتۆن جۆن كە لە موزیكی دنیادا بە "ئیمپراتۆری موزیك" ناو دەبرێت، ئاهەنگێكی گەورەی لە كۆشكی سپی بە ئامادەبوونی سەرۆكی ئەمەریكا و خانمی یەكەم و زیاتر لە هەزار كەس ساز كرد، ئەویش دوا ئاهەنگی دەبێت لەو گەشتە موزیكییەی زیاتر لە مانگێكە دەستی پێ كردووە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو 24ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، ئیلتۆن جۆن كە بەریتانییە و خاوەنی گۆرانییە ناودارەكانی "رۆكت مان" و "یۆر سونج" و "تاینی دانسەر"ـە، دوێنێ لە باخچەی كۆشكی سپی، بە پیانۆیەكەوە گەورەترین ئاهەنگی ساز كرد.

لەبارەی ئەو هونەرمەندەوە سەرۆكی ئەمەریكا جۆ بایدن گوتوویەتی، خێزانی ئێمە وەك زۆربەی ئەمەریكاییەكان، موزیك و دەنگی ئیلتۆن جۆنیان خۆش دەوێت، موزیكەكانی جۆن تەواوی ژیانی ئێمەی گۆڕیوە.

ئیلتۆن جۆن پێشتر كە دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمەریكا دەستبەكار بوو، ئامادە نەبوو لە ئاهەنگی ئەو سەرۆكە بەشدار بێت، بەڵام ئامادەبوو بۆ بەرژەوەندیی خێزانی بایدن گۆرانی بڵێت و موزیك بژەنێت، زۆر هونەرمەندی تریش هاوشێوە جۆن، ئامادە نەبوون لە سەردەمی ترەمپدا ئاهەنگی بۆ ساز بكەن.

لە ئاهەنگەكەیدا ئیلتۆن جۆن گوتی، شانازە كە لە كۆشكی سپی ئاهەنگ ساز دەكات، بەتایبەتی كە كۆشكی سپی خەڵاتی ئەو پاڵەوانانە دەكات كە رۆژانە لە خزمەتی خەڵكدان، جیا لە هونەرمەندان، ئەوانەی لە بوارەكانی فریاكەوتن و تەندروستی و خوێندن كار دەكەن.

ئەوەشی گوت كە لە زۆر شوێنی گرنگدا ئاهەنگی ساز كردووە، لە گۆرانییەكانیدا ئاماژەی بە جەنگی دژی كۆرۆنا كردووە.

لە دوای تەواوبوونی ئاهەنگەكە، خەڵاتی ویسامی زانستە مرۆییەكان لەلایەن جۆ بایدنەوە پێشكەشی ئیلتۆن جۆن كرا.

ئیلتۆن جۆن لە ساڵی 1947 لە بەریتانیا لە دایك بووە و بە ناودارترین پیانۆژەنی دنیا هەژمار دەكرێت، دانەری موزیكی پۆپ و رۆكە و تا ئێستە یەك جار خەڵاتی ئۆسكاری وەرگرتووە و پێنج خەڵاتی گرامیی پێ بەخشراوە. خاوەنی سەتان گۆرانی و پارچە موزیكە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د