بۆچی سەرجێی بوو بە باسی گەرمی خەڵك؟

:: AM:11:24:24/09/2022 ‌
پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی نەهێشتنی توندوتیژیی خێزان دژی ژنان، یەكێك لە خاڵەكانی باسی توندوتیژیی سەرجێی كراوە، ئەو بابەتە تەواوی كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستان گرتووەتەوە، سەرجەم فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان دژایەتی خۆیان بۆ ئەو بڕگەیە دەربڕی، هەرچی كووچە و كۆڵانی هەرێمی كوردستان، پیشەكار و پیشەوەرە باسی ئەو بابەتە دەكەن.

ڕۆژی چوارشەمی رابردوو دانیشتنی ژمارە دووی ئاسایی خولی پایزەی ساڵی چوارەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوە چوو، بەپێی بڕگەی یەكەمی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە، كە بریتی بوو لە خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزان و ئافرەت لە هەرێمی كوردستان، ڕاپۆرتی لیژنەی داكۆكیكردن لە مافی ئافرەت، لەلایەن لیژنەی كاروباری یاساییەوە ڕاستاندنی بۆ كرابوو، بەدەنگی ئەندامانی پەرلەمان كرایە بنەما بۆ گفتوگۆكردن، بەڵام بەهۆی بوونی جیاوازیی بیروڕا لەبارەی ڕەتكردنەوەی پێشنیازە یاساكە، یان بەردەوامبوون لەسەر گفتوگۆكردنی، دانیشتنەكە بۆ ماوەیەك دواخرا.

لەگەڵ هیچ مادە و بڕگەیەكی ئەو پێشنیازە یاسایەدا نین كە دژ بنەما شەرعییەكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت.
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕوونكردنەوەی پێویستی لەسەر سەرنج و تێبینی و مەترسییەكانی ئەندامانی پەرلەمان لەسەر مادە و بڕگەكانی پێشنیازە یاساكە خستەڕوو، ئەندامانی پەرلەمانیشی دڵنیا كردەوە كە مەبەست لە هەمواركردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی خێزان لە توندوتیژی كە لەلایەن پەرلەمانەوە ئامادە كراوە، ئەوانیش وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانیی لێ دەكەن، لە ئەنجامی بوونی كەموكوڕی بووە لەو یاسا بەركارانەی كە هەن، هەروەها بۆ ڕێكخستنەوە و پاراستنی شیرازەی خێزانە لە كۆمەڵگەی كوردستان و وەك حكوومەتی هەرێمیش، بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ هیچ مادە و بڕگەیەكی ئەو پێشنیازە یاسایەدا نین كە دژ بنەما شەرعییەكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت.

دوای بڵاوبوونەوەی چەند بڕگەیەكی ناو پڕۆژەیاساكە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا كاردانەوەیەكی فراوان دروست بوو و چەندان كەس كەمپینیان دژی ئەو پڕۆژەیاسایە راگەیاند، یەكێك لە سەرپەرشتكارانی ئەو كەمپینانە دەڵێت، خۆزگە لە سێدارەدان بۆ بكوژی ژن جێگیر بكرایە نەك دروستكردنی دژایەتی لەناو خێزان.

ئەحمەد نووری چالاك بە"وشە"ـی راگەیاند، بۆ پێشنیازە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزان و ئافرەت لە هەرێمی كوردستان، ئێمە پاڵپشتین و پێویستە ژن هاوشێوەی پیاو مامەڵەی لەگەڵ بكرێ‌، بەڵام چەند بڕگەیەكی ناو پڕۆژەكە پێچەوانەی هەموو داونەریتە و پێویستە رابگیرێن.

زیاتر گوتی، تەنیا لە هەڵمەتەكەی ئێمە كە كەمپینمان بۆی كردووە، زیاتر لە پێنج هەزار واژوومان كۆ كردووەتەوە بە ژن و پیاو، دژی چەند بڕگەیەكی پڕۆژەكەین و داوای راگرتنیمان كردووە، بەتایبەت بابەتی سەرجێیە كە ئێستە كاردانەوەی زۆری دروست كردووە، پیاو لە قاڵبی دڕندە و ژنیش لە قاڵبی نێچیر سەیر كراوە، ئەوەیش تەنیا چەند حاڵەتێك هەیە و لەناو كورد شتی بەو شێوەیە نییە.

لە كاردانەوەی حزبەكاندا سەرجەم فراكسیۆنەكان هەڵوێستی خۆیان راگەیاند، هیچیان پاڵپشتی سەرجێیەكە نین، بەڵكو بەشێكیان راستەوخۆ داوای لادانی ئەو بڕگەیەیان كردووە.

هیچ پڕۆژە و یاسایەك تێناپەڕێت لە ڕێی پەرلەمانەوە كە دژی بنەماكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەن پێشەوا هەورامانی گوتەبێژەكەی لە پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، بابەتی پڕۆژەیاسای (بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەت) بووەتە باسێكی گەرم و لەسەر هەندێك لە مادەكانی نیگەرانی دروست كردووە.

ئاماژەی بەوەش دا، لەبارەی ئەم پڕۆژەیاسایە لە یەكەم مادە كە گفتوگۆی لەسەر كرا، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەناو هۆڵی پەرلەمان، هەڵوێستی پارتی ڕاگەیاند كە هیچ پڕۆژە و یاسایەك تێناپەڕێت لە ڕێی پەرلەمانەوە كە دژی بنەماكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت.

"لە بڕگەیەكی مادەی دووەمی پێشنیازە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەتدا هاتووە، (بەزۆر سەرجێیكردن لەگەڵ هاوسەردا) بە تاوانی توندوتیژی خێزانی و دژبە ئافرەت دابنرێت، ئەمەیش مشتومڕێكی زۆری خستووەتە ناو پەرلەمانەوە."

شەماڵ بەسری توێژەری ئیسلامی، بە"وشە"ـی راگەیاند، وردبوونەوە لە هەندێك بابەت پێوەندی بە خێزانە، لە ئاین بە ڕێككەوتنی نێوان ژن و پیاو چارەسەر دەكرێ‌ و پێویستی بەوە نییە، كاتێكیش توندوتیژی بەرانبەر ژن كرابێ‌، ئەوا بێگومان مافیان پارێزراو بووە، بۆیە ئەو جۆرە بڕگانە قبووڵكراوی ئاینی و نەریتی لەگەڵ نییە.

بەگوتەی ئەو توێژەرە، بابەتی تایبەت لە پڕۆژەیاسایەك هەبێت، نابێت دژی هیچ ئاینێك بێت و لەگەڵ بڕگەكانی سەرجەم ئاینە قبووڵكراوەكانی كوردستان یەكگرتوو بێت و ناكۆك نەبێت، هەروەها خولاسەیەكی ناو كۆمەڵگە و خۆگونجانی ئێستەی كۆمەڵگەی تێدا بێت.

دوێنێش لە راگەیەنراوێكی یەكێتیی زانایاندا هاتووە، یەكێتی زانایان خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونیان بۆ بابەتەكە كردووە، بۆیان دەركەوتووە ئەم پڕۆژەیاسایە لەگەڵ بنەماكانی شەریعەتی ئیسلام ناگونجێ و پێچەوانەی نەریت و واقیعی كۆمەڵگەی كوردی و ئاشتی كۆمەڵایەتییە، ئەگەری لێكەوتەی خراپی بۆ سەر شیرازەی خێزان هەیە."

ئەوەیان خستووەتە ڕوو، "یەكێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان داوا لە پەرلەمانی كوردستان دەكەن، پڕۆژەی نەگونجاو بە كولتوور و واقیعی میلەتەكەمان نەخاتە بەرنامەی كار و هەوڵی بە یاساكردنی نەدات، چونكە دەركردنی یاسا بۆ خزمەت و بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و كۆمەڵگەیە نەك زیاتركردنی ئاریشە".

حزبەكانی تری ناو پەرلەمانی كوردستان بەیاننامەیان دەركردووە و سەرجەمیان ناڕەزایەتییان هەیە، چەند بڕگەیەكیان دیاری كردووە و بە پێچەوانەی ئاین و نەریتی دەزانن، دووپات دەكەنەوە لەسەر پشتیوانیكردن لەسەر پابەندبوونی دامەزراوەكان بە بەها و بنەما سەرەكییەكانی شەریعەتی ئیسلامی. 

لە تەواوی شوێنە گشتییەكان، دەمەقاڵێی نێوان هاووڵاتییان گرنگترین بابەتە و دوو ڕۆژە كۆمەڵگەی سەرقاڵ كردووە، بریتییە لە بابەتی سەرجێی بەزۆری و نوێترین بڕگەكانی ئەو پڕۆژەیاسایە، ئەوەی جێی تێڕامانە، سەرجەمی تێبینی خۆیان هەیە و قسەی خۆیان دەكەن، لەناو پاس و بازاڕی و چایخانەكان و پارك و شوێنەكانی پشوو، چاوەڕوان دەكرێ‌ لە خوێندنەوەی سێیەم كە دەنگدانە، فراكسیۆنەكانی پەرلەمان هەڵوێستیان هەبێت و پڕۆژەكە ڕەت بكەنەوە.




وشە - رامیار جەواد