رووسیا جارێكی تر ئاماژە بە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆم دەكات

:: AM:09:05:25/09/2022 ‌
دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی رووسیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان گوتارێكی خوێندەوە، دوای گوتارەكەی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی دا، دوای راپرسییەكە كە لە رۆژهەڵاتی ئۆكراینا بەڕێوە دەچێت، ئەركی رووسیایە پارێزگاری لەو ناوچانە بكات "وەك ئاماژەیەك بە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆم".

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم 25ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەی وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ لە دوای گوتارەكەی لە نەتەوە یەكگرتووەكان بەستی، هاوشێوەی سەرۆكی وڵاتەكەی ڤلادیمێر پوتین و وەك ئاماژەیەك، هەڕەشەی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی كرد بۆ پارێزگاری لە رۆژهەڵاتی ئۆكراینا ئەگەر مەترسیی بكەوێتەسەر.

لە پرسیاری رۆژنامەنووسێك كە ئایا رووسیا بیانووی هەیە بۆ بەكارهێنانی چەكی ئەتۆم بۆ پارێزگاری لەو ناوچانەی ئۆكراینا كە دەیەوێ بیلكێنێتە سەر خاكەكەی خۆی؟ لاڤرۆڤ گوتی، دوای راپرسییەكە و بەپێی دەنگدان كە ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر خاكی روووسیا، بێگومان ئەركی ئێمەیە پارێزگارییان لێ بكەین.

روونی كردەوە كە پارێزگاری لەو ناوچانە دەكەین و وەك خاكی رووسیا بەرپرسین لێیان، هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە ساڵانێكە زۆرە لە ژێر دەسەڵاتی نازییە نوێیەكان دەناڵێنن، ئێستەیش ئەگەر بیانەوێ لە راپرسییەكدا بگەڕێنەوە سەر خاكی رووسیا، ئێمە وەك خاكی رووسیا لێیان دەڕوانین و بەهەموو جۆرێك پارێزگارییان لێ دەكەین، ئەوەیش بەپێی دەستووری رووسیا مامەڵەی لەگەڵ دەكەین.

دواتریش گوتی تەواوی یاساكانی رووسیا لەو ناوچانەیش جێبەجێ دەبن وەك خاكی رووسیا، بۆیە بەپێی یاساكان كە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمیش دەگرێتەوە.

لە بەرانبەردا وەزیری دەرەوەی ئۆكراینا دمیترۆ كۆلیپا ئەم بەیانییە گوتوویەتی، لێدوانەكانی وەزیری دەرەوەی رووسیا جێی قبووڵكردن نین، وڵاتەكەمان و خاكەكەی بەهیچ شێوەیەك رادەست نابێت و بۆ پارێزگاری لە خاكەكەمان لە خەباتدا دەبین.

جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتەوە دەستی پێ كردووە، شەڕ لە زۆربەی بەرەكاندا بەردەوامە، رووسیا هەوڵی وێرانكردنی ژێرخانی ئەو وڵاتەی داوە و زیانی زۆری پێ گەیاندووە. ئەمەریكا و یەكێتیی ئەوروپا كە پاڵپشتی لە ئۆكراینا دەكەن، جیا لە پێدانی چەك و كەلوپەلی سەربازی، سزای ئابووریی زۆر توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە، لە زۆربەی بانكەكانی دنیادا دەستیان بەسەر پارەكانی رووسیادا گرتووە و سڕیان كردووە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د