دوای ئەوەی رووسیا ئاماژەی بە بەكارهێنانی چەكی ئەتۆم لە ئۆكراینا دا ئەگەر ناچار بكرێت، هۆشدارییەكانی دنیا بەرانبەر بەو هەڵوێستە زیاتر بووە، شەوی رابردوو ئەمەریكا هۆشدارییەكەی بۆ رووسیا دووپات كردەوە كە ئاكامی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆم لەلایەن رووسیاوە كارەساتاوی دەبێت.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 26ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، بەرپرسانی ئەمەریكا لەبارەی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆم لەلایەن رووسیاوە، بە رژدیان وەرگرتووە، بۆیە ئەوانیش هەڕەشە دەكەن و بە ئاشكرا و بە نهێنیش ئەو پەیامەیان بۆ رووسیا ناردووە كە ئەگەر چەكی ئەتۆم لەلایەن رووسیاوە بەكار بێت، ئەوا ئاكامەكەی كارەساتاوی دەبێت.
شەوی رابردوو وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئەنتۆنی بلینكن لە دیمانەیەك لە بەرنامەی "60 خولەك" كە تۆڕی "سی بی ئێس" بڵاوی كردەوە، گوتوویەتی ئەمەریكا بە ئاشكرا و بە نهێنیش ئەو پەیامەی بۆ دەسەڵاتی رووسیا ناردووە، بەكارهێنانی چەكی ئەتۆم لە ئۆكراینا، ئاكامێكی زۆر تاریكی دەبێت و كارەساتاوی دەبێت.
زیاتر گوتوویەتی وڵاتەكەی لەوبارەیەوە زۆر بە روونی پەیامی بۆ دەسەڵاتدارانی رووس ناردووە، هیوادارن مۆسكۆ باش تێگەیشتبێت، بزانێ ئەگەر هەڕەشەكەی بە چەكی ئەتۆم جێبەجێ بكات، ئاكامەكەی بە كوێ دەگات.
بەرلە بلینكنیش، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا جیك سۆلیڤان دوێنێ رای گەیاندبوو، وڵاتەكەی هەڕەشەكانی پوتینی بە رژدی وەرگرتووە، ئەگەر ئەو وڵاتە هەڕەشەكانی جێبەجێ بكات، ئەمەریكا دەستەوەستان نابێت.
جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتەوە دەستی پێ كردووە، شەڕ لە زۆربەی بەرەكاندا بەردەوامە، رووسیا هەوڵی وێرانكردنی ژێرخانی ئەو وڵاتەی داوە و زیانی زۆری پێ گەیاندووە. ئەمەریكا و یەكێتیی ئەوروپا كە پاڵپشتی لە ئۆكراینا دەكەن، جیا لە پێدانی چەك و كەلوپەلی سەربازی، سزای ئابووریی زۆر توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە، لە زۆربەی بانكەكانی دنیادا دەستیان بەسەر پارەكانی رووسیادا گرتووە و سڕیان كردووە.