سەندیكای هونەرمەندانی سووریا محەمەد رەمەزان بە درۆ دەخاتەوە

:: AM:11:47:26/09/2022 ‌
هونەرمەندی میسری محەمەد رەمەزان كە لەناو گەنجاندا زۆرترین هەواداری هەیە، بڵاوی كردەوە كە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا كۆنسێرت لە دیمەشق ساز دەكات، بەڵام سەندیكای هونەرمەندانی سووریا، بە درۆی خستەوە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 26ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، هەینیی رابردوو محەمەد رەمەزانی گۆرانیبێژی میسری، وێنەیەكی خۆی لەكاتی واژووكردنی گرێبەستێك بڵاو كردەوە و رای گەیاندبوو، لە شەشی تشرینی یەكەم كۆنسێرتێك لە دیمەشق ساز دەكەم. لە بەرانبەردا سەندیكای هونەرمەندانی سووریایش رای گەیاندووە، نە لەڕێی كەرتی تایبەت و نە گشتیش، محەمەد رەمەزان كۆنسێرتی لە دیمەشق نابێت.

محەمەد رەمەزان لە بڵاوكردنەوەی وێنەكەی كە گوایە گرێبەستێك واژوو دەكات بۆ سازكردنی دوو كۆنسێرت لە دیمەشق لە سووریا و ئەسكەندەرییە لە میسر لەڕێی فەیسبووكەوە، نووسیویەتی یەك رۆژ بەرلەلوەی كۆنسێرت لە ئەسكەندییە ساز بكەم، لە شەشی تشرینی یەكەم كۆنسێرتێكی گەورە لە دیمەشق ساز دەكەم.

دوای ئەو بڵاوكراوەیەی رەمەزان، سەندیكای هونەرمەندانی سووریا بە بەیاننامەیەك كە ئەویش لە ڕێی فەیسبووكەوە بڵاوی كردووەتەوە، نووسیویەتی محەمەد رەمەزان بەهیچ شێوەیەك ئاهەنگ و كۆنسێرتی لە وڵاتەكەمان نابێت، ئەوەی ئەو بڵاوی كردووەتەوە، تەنیا پروپاگەندەیە، بۆیە نە لەڕێی كەرتی تایبەت و نە لەڕێی كەرتی گشتییەوە، ئەو هونەرمەندە كۆنسێرت لە دیمەشق ساز ناكات.

محەمەد رەمەزان كە لە ساڵی 1988 لە دایك بووە و یەك لە ئەكتەر و گۆرانیبێژە دیارەكانی میسرە، لەناو هونەرمەندە گەنجەكانی میسردا زۆرترین هەواداری هەیە، خاوەنی دیان گۆرانیی ستایلی پۆپە و لە چەندان فیلمی سینەماییشدا رۆڵی پاڵەوانی بینیوە كە زۆربەی فیلمەكانی ئەكشنن.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د