لە عێراقدا خۆپێشاندان دەست پێ دەكاتەوە

ئه‌رشیف/ خۆپێشاندانه‌كانی 2019
:: AM:11:14:27/09/2022 ‌

 

تشرینییەكان و چالاكانی مەدەنی، بڕیارە رۆژی شەموو كە یەكی تشرینی یەكەمە، خۆپێشاندان لە عێراقدا بكەن. هێزی  گۆڕانكاریی دیموكراتیش پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو خۆپێشاندانە دەربڕی.

ئەمڕۆ سێشەم 27ی ئەیلوول، هێزی گۆڕانكاریی دیموكراتی، لە راگەیەنراوێكدا لەبارەی ساڵوەگەڕی خۆپێشاندانەكەی تشرین كە لە 2019 لە عێراقدا بەڕێوە چوو، دەڵێت، پشتیوانی لە هەموو خۆپێشاندانێكی ئاشتییانە دەكەن كە یەكی تشرینی یەكەم بەڕێوە دەچێت.

 هەروەها ئەو هێزە داوا لە هەموو رێكخراوەكان و لایەنگرانی دەكات، لە ژێری ئاڵای وڵات كۆ ببنەوە و گۆڕانكاری بكەن. هەروەها دووپات لەسەر گرنگی و هاوئاهەنگیی نێوان لایەنەكان و رێكخراوەكان دەكات، بۆ كۆكردنەوەی وزە و هێز و هەنگاونان بۆ گۆڕانكاری.

دوای 13 رۆژی تر دەكاتە ساڵێك هەڵبژاردن كراوە، بەڵام نەتوانراوە حكوومەت پێك بكهێنرێت

 

بڕیارە رۆژی هەینی كە 30ی ئەیلوولە و رۆژی شەموو كە یەكی تشرینی یەكەمە، خۆپێشاندانی فراوان لە عێراق بكرێت بەبۆنەی ساڵوەگەڕی خۆپێشاندانی تشرینییەكان كە لە ساڵی 2019 بەڕێوە چوو.

لە خۆپێشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019ی عێراق، زیاتر لە 495 كوژراو و 21 هەزار بریندار هەبووە، جگە لەوەی‌زیاتر لە 165 جار هەوڵ درا بۆ شوێنبزركردنی چالاكانی مەدەنی. لەو كاتەوە تا ئێستە زیاتر لە 35 چالاكی مەدەنی و رۆژنامەنووس كوژراون.

لە ئەنجامدا دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی‌ئەوكاتەی‌عێراقی‌لێ كەوتەوە، گەنجان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقیان كرد.

دوای هاتنە سەركاری مستەفا كازمی وەك سەرۆك وەزیران، یەكەم بەڵێنی ئەوەبوو هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، رۆژەكەی دیاری كرد كە 10ی‌ئۆكتۆبەری‌2020 بوو، پاشان رۆژەكەی دوا خرا و 10ی تشرینی یەكەم 2021 هەڵبژاردن بەڕێوە چوو، بەڵام دوای 13 رۆژی تر دەكاتە ساڵێك هەڵبژاردن كراوە، بەڵام نەتوانراوە حكوومەت پێك بكهێنرێت.

 



وشە - زریان تەها