ئەمەریكا سەركۆنەی بۆردمانەكەی ئێران دەكات

:: PM:07:11:28/09/2022 ‌

ماوەی چەند رۆژێكە ئێران بۆ شاردنەوەی شكستە ناوخۆییەكانی و ئەو ناڕەزایەتییەی بەهۆی چەوسانەوەی خەڵك و گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییەوە لەو وڵاتە سەری هەڵداوە، دەستی كردووە بە بۆردمانكردنی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی ئەمڕۆ شەهید و بریندارێكی زۆری لێ كەوتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا سەركۆنەی هێرشەكە دەكات.

ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەك و درۆن هێرشی كردە سەر چەندان بنكە و بارەگای حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، كە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن و هیچ چالاكییەكی سیاسی و سەربازی لە دژی حكوومەتی ئێران ناگێڕن، بەو هۆیەوە حەوت شەهید و 24 بریندار هەیە.
سەركۆنەی لێدوانەكانی ئێران دەكەین بە ئەنجامدانی هێرشی زیاتر
سەركۆنەكردنی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ ئەو پێشێلكارییەی حكوومەتی ئێران بەردەوامە و لەو ناوەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، سەركۆنەی هێرشی ئێران دەكەین كە پێشێلكارییە بۆ سەروەری و یەكپارچەیی خاكی عێراق، هەروەها سەركۆنەی لێدوانەكانی حكوومەتی ئێران دەكەین، كە هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی تر لە عێراق دەكات.  

هەر ئەمڕۆ كونسوڵگەی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان، لە "تویتەر" پەیامێكی‌ بڵاو كردەوە و رای‌ گەیاند، "نیگەرانین لە هێرشە بەردەوامەكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان".

كونسوڵگەی‌ ئەڵمانیا زیاتر دەڵێ، بە داخەوەین بۆ قوربانیانی سڤیلی بێ تاوان، هێرشەكان پێشێلكارییەكی بێ پاساوی سەروەری و یەكپارچەیی خاكی عێراقن، داوا لە ئێران دەكەین دەستبەجێ هێرشەكان بوەستێنێت.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل