فوئاد حوسێن: باڵوێزی ئێران بانگهێشت دەكەین و ناڕەزایەتی پێ رادەگەیەنین

:: PM:09:27:28/09/2022 ‌

ئەمڕۆ ئێران زۆر بە سەختی بۆردمانی بنكە و بارەگای حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی لە هەرێمی كوردستان كرد، بەو هۆیەوە شەهید و برینداری لێ كەوتەوە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی كردەوە كە سبەی باڵوێزی ئێران بانگهێشت دەكەن و یاداشتێكی ناڕەزایەتی پێشكەیش دەكەن.

لە میانی كۆڕبەندی رافیدێن لە بەغدا، فوئاد حوسێن گوتی، سبەی پێنجشەم محەمەد كازم ئال سادق، باڵوێزی ئێران لە عێراق بانگهێشت دەكەین و یاداشتێكی ناڕەزایەتی رادەست دەكەین، دووپاتی كردەوە كە ئەركی ئەوانە بەرگری لە سەروەریی عێراق و هاووڵاتییانی عێراق و خاكی عێراق بكەن بە هەموو شێوازێك، جگە لە توندوتیژی نەبێت.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی كرد، پێشتر كە چووینە ئەنجوومەنی ئاسایش و سكاڵامان سەبارەت بە بۆردمانی توركیا بۆ زاخۆ پێشكەیش كرد، ئێستەیش لێكۆڵینەوەكان لەو ئەنجوومەنە بەردەوامە.

دووپاتی كردەوە، ئەوكاتەی چوومە ئەنجوومەنی ئاسایش و گفتوگۆمان لەبارەی بۆردمانی زاخۆ كرد، هەمووان لەسەر پاڵپشتیكردنی هەڵوێستی عێراق رێككەوتن، بەڵام پێویستمان بە هێزێكی ناوخۆیی هەیە بۆ وەرگێڕانی ئەو پاڵپشتییە دەرەكییە لەسەر زەوی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل