ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دوای دوو مانگ لە هەڵپەساردن دەستی بە دانیشتن كردەوە، كارنامەی دانیشتنەكە بریتی بوو لە دەنگدان لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی پەرلەمان و هەڵبژاردنی یەكەم جێگری، كە متمانە بە محەمەد حەلبووسی درایەوە و موحسین مەندەڵاویش وەك جێگر دیاری كرا، بەو بۆنەوەی سەرۆكی هەرێم پیرۆزبایی لێ كردن.
ئەمڕۆ چوارشەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دوو پێوەندیی تەلەفۆنی جیاوازدا، پیرۆزبایی لە محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ بەدەستهێنانەوەی متمانەی ئەنجوومەنەكە و موحسین مەندەلاوی بۆ هەڵبژاردنی بە جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد، كە لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوە چوو.
سەرۆكی هەرێم هەروەها هیوای سەركەوتنی بۆ حەلبووسی و مەندەلاوی و كار و ئەركەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خواست، دووپاتی لە پاراستنی سەقامگیری و پێویستیی وڵات بە كاری پێكەوەیی و تێپەڕاندنی تەنگژە و سەختییەكانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی وڵات بە گفتوگۆ و لێكگەیشتن كردەوە.
لای خۆیانەوە محەمەد حەلبووسی و موحسین مەندەلاوی، سوپاس و پێزانینیان بۆ پێوەندی و پیرۆزباییی سەرۆكی هەرێم دەربڕی.