بەهۆی هێرشەكەوە ئەمەریكا هەڕەشەی سزادانی ئێران دەكات

:: PM:11:31:28/09/2022 ‌

ئەمڕۆ ئێران بێ گوێدانە سەروەریی خاكی عێراق و بوونی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بە چەندان مووشەك و درۆنی بۆمڕێژكراو هێرشی كردە سەر بنكە و بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات و خەڵكی مەدەنی، بەو هۆیەوە ژمارەیەك كەس شەهید و بریندار بوون، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا ئاماژە بۆ ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر ئێران بەهۆی هێرشەكە دەكات.

جیك سۆلیفان، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، ئێمە لەگەڵ سەرانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەوەستین، بەو پێیەی ئەو هێرشانە پێشێلكردنی سەروەریی عێراق و گەلەكەیەتی.
ئەمەریكا لە رێگرتن لە ئێران لە شێواندنی سەقامگیری ناوچەكە بەردەوام دەبێت
ئەو سەركۆنەی هێرشەكەی كرد و دووپاتی كردەوە، سەرانی ئێران لە پێشاندانی فەرامۆشكردنی زەقی ژیانی گەلانی خۆیان و دراوسێكانیان و پرەنسیپە سەرەكییەكانی سەروەری و سەلامەتی هەرێمایەتی، وەك لە بەڵێننامەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە، بەردەوامن.

راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا روونی كردەوە، ناكرێ ئێران بۆ خۆلادان لە كێشە و ناڕەزایەتییە رەواكانی گەلەكەی، پەنا بۆ هێرش لە دەرەوەی سنوورەكانی ببات، وەك بەكارهێنانی مووشەك و درۆن لە دژی دراوسێكانی، لەپاڵ دابینكردنی درۆن بۆ رووسیا لە جەنگی دژ بە ئۆكراینا و بریكارەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە دەبێت لەلایەن دنیاوە سەركۆنە بكرێت.

سیلیفان دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت بۆ سزادان و پیادەكردنی ئامرازی تریش، بۆ رێگرتن لە ئێران لە بەردەوامبوون لەسەر چالاكییەكانی بۆ شێواندنی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئوردن بە توندی سەركۆنەی بۆردمانی ئێرانی بۆ چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان كرد، كە بووە هۆی كەوتنەوەی ژمارەیەك قوربانی، وەزارەتەكە دووپاتی كردەوە كە ئوردن پاڵپشتی لە عێراق دەكا و سەركۆنەی دەستدرێژی بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی هاووڵاتییانی دەكات، سەرەخۆشیش لە گەلی عێراق و خێزانی قوربانیان دەكات.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل