تەقە لە بانكی چەمچەماڵ كرا

:: AM:10:54:29/09/2022 ‌
لە كاتی وەرگرتنی مووچە لە بانكی چەمچەماڵ، گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو، بەهۆیەوە ئەفسەرێكی پێشمەرگە دەستڕێژی فیشەكی لە بانكەكە كرد و بەهۆیەوە چەند كەسێك گیران.

ئەمڕۆ پێنجشەم 29ـی ئەیلوول، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، بەیانی ئەمڕۆ لە كاتی وەرگرتنی مووچە، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان دوو ئەفسەری لیواكان لە بانكی چەمچەماڵ دروست بوو و یەكێك لە ئەفسەرەكان دەستڕێژی فیشەكی لە بانكەكە كردووە.

لە زانیارییەكاندا ئەوەیش هاتووە، بەهۆی تەقەكردنەكەوە كەس بریندار نەبووە، بەڵام زیان بەر باڵەخانەی بانكەكە كەوتووە، ئێستە هێزە تەناهییەكان گەیشتوونەتە شوێنەكە.

ئەوەیش زانراوە كە دوای تەقەكردنەكە، كارمەندەكانی بانكی چەمچەماڵ دەستیان لە كار هەڵگرت، داوا دەكەن لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەدا بكرێت كە دەمەقاڵێیان كردووە و دەستڕێژی فیشەكیان كردووە.

ئێستە سەرجەم ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەی لە بانكی چەمچەماڵ گرژییان دروست كرد و ئەو ئەفسەرەی تەقەی كردووە، گیراون. 





وشە - رامیار جەواد