قوتابیانی ماستەر لەڕێی "وشە"وە داواكارییەك ئاراستەی وەزیری خوێندنی باڵا دەكەن

:: PM:12:06:29/09/2022 ‌
ژمارەیەك لە قوتابیانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە ڕێی "وشە"وە داوایەك ئاراستەی وەزیری خوێندنی باڵا دەكەن و رای دەگەیەنن، بارگرانییەكی زۆری ئابووری بەهۆی نەدانی بڕیارێك لەسەر قوتابیان و حكوومەت دروست دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 29ـی ئەیلوول، هیوا بەرزنجی نوێنەری قوتابیانی ماستەر و دكتۆرا، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئێمە ژمارەیەك لە فێرخوازانی خوێندنی باڵا (ماستەر و دكتۆرا)، لە سەرەتای ئەمساڵەوە داواكاریمان پێشكەش كردووە بۆ بەشداریكردن لە سەنتەرەكانی زمان لە زانكۆ حكوومییەكان، وەك بەشێك لە پێداویستییەكانی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە، دواتر لە مانگی شوباتی 2022دا تاقیكردنەوەی دیاریكردنی ئاستمان كرد، بەڵام بەداخەوە بەهەر هۆكارێك بێت دەستپێكردنی كۆرسەكان بۆ سەرەتای مانگی تەمووزی ئەمساڵ دوا خران، ئێستەش ماوەی مانگێكە تاقیكردنەوەی كۆرسی یەكەممان تەواو كردووە و ئەنجامەكان ڕاگەیەنراون، بەڵام زیاتر لە سێ هەفتەیە ئەم دەست و ئەو دەستمان پێ دەكرێت و خولی نوێ دەست پێ ناكات.

ئەو فێرخوازە گوتی، هۆكاری ئەو دواكەوتنە ڕاستەوخۆ وەزارەت لێی بەرپرسیارە، لە كاتێكدا بەشێك لە فێرخوازانی ماستەر، ماوەی یاساییمان بۆ تەواوكردنی ماستەرەكانمان بەرەو كۆتایی دەڕوات، لە 1/11/2020 دەستمان بە خوێندنی كۆرسەكانی ماستەر كردووە و بەپێی یاسا، دەبێت تا 1/11/2022 ماستەرەكەمان تەواو كردبێت، ئێستە هەموومان نووسینی نامەی ماستەرەكانمان تەواو بووە، بەڵام بەهۆی تەواو نەكردنی زمانی ئینگلیزی، ناتوانین تاوتوێی ماستەرنامەكانمان بكەین.

باسی لەوەش كرد، داواكارین وەزیر بۆ بڕیاردانی بە پەلەی دەستپێكردنەوەی خولی نوێی زمان و ڕەچاوكردنی دۆخی فێرخوازان، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی درێژكردنەوەی ماوەی خوێندن نەبینەوە، تكایە لە ڕێی ڕێنوێنی و بڕیار چارەسەری دۆخمان بكەن، تا بتوانین لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ (11) تاوتوێی نامەی ماستەرەكانمان بكەین و پێویست بە درێژكردنەوەی كاتی خوێندنەكەمان نەكات، كە دەبێتە هۆی بارگرانی دارایی لەسەر ئێمە و حكوومەت خۆیشی، جگە لەوەی كاتێكی زۆرمان لێ بە فێڕۆ دەچێت.





وشە - رامیار جەواد