ئەمڕۆ ئێران دەشڵەقێت و راپەڕین دەست پێ دەكات

:: PM:12:22:29/09/2022 ‌
سەرچاوە هەواڵییە ناوخۆییەكانی دژ بە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بانگەوازی "راپەڕینی سەرانسەری"یان بڵاو كردەوە و بەگوێرەی بانگەوازە هەر ئێوارەی ئەمڕۆ دەست پێ دەكەن.  

دوای 14 رۆژ لە ناڕەزایی و خۆپێشاندان دژی كوشتنی "ژینا ئەمینی" لەلایەن پۆلیسی ئادابی ئێرانەوە، ئەمڕۆ لە بەلووچستان و زاهیدان داوكاری و نارەزاییەكان پەل دەكێشن بۆ راپەڕینی سەرانسەری. ئەمە لە بانگەوازی گرووپە ناڕازاییەكاندا هاتووە و وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە.

تووڕەیی ئەمڕۆی خەڵكی ئەو دوو پارێزگایە، لە پاڵ دۆسیەی كوشتنی "ژینا ئەمینی" دۆسیەی دەستدرێژی سێكسی "كچێكی 15 ساڵ"ی بەلووچیشە كە لە رۆژانی رابردوودا لەلایەن فەرماندەیەكی پۆلیسەوە بەناوی "ئیبراهیم كوچكزایی" و ناڕەزای خەڵكەكەی گەیاندووەتە لوتكە. 

لە بانگەوازی گرووپەكانی ناڕازیدا هاتووە "ئەمڕۆ راپەڕینی سەرانسەرییە لە گشت ناوچەكانی سەربە پارێزگای بەلووچستان لە بەرانبەر دەستدرێژی سەر ئەو كچە 15 ساڵە" 

بانگەوازەكان سەعات چواری دوای نیوەڕۆیان بۆ دەست پێكردنی راپەڕینەكە دیاری كردووە، لەبارەی شوێنی خۆپێشاندانەكانیش رایانگەیاندووە "لە ناوەڕاستی هەر شارێكی سەربە پارێزگای بەلووچ دەست پێ بكەن و بەرەو   سەنتەری بازاڕەكان بڕۆن، لەوێش زوو زوو شوێن بگۆڕن و سەر لە سوپا بشێوێنن.

لەبارەی زاهیدان، باس لەوە كراوە كە "بازاڕ" بۆ شوێنی دەستپێكردنی راپەڕینەكە دەستنیشان كراوە. 

ژینا ئەمینی 13ی ئەیلوولی 2022 لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە لە بازاڕی تاران لەگەڵ برایەكیدا بوو، گرتیان و گواستیانەوە بۆ زیندان، بەهۆی ئەوەی گوایە مانتۆكەی زۆر درێژ نەبووە، بەڵام دواتر یەكێك لە گیراوەكان رای گەیاند كە هەر لەناو ئۆتۆمبێلەكەوە ئەشكەنجەیان داون هەتا ژینا لەهۆش چووە، دواتر چووە حاڵەتی كۆماوە و سێ رۆژ دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.




وشە - وشه‌