عه‌بدوڵا ئازه‌ربار ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران، بۆ "وشه" باس له دواین هه‌ڵوێستی حزبه‌كه‌ی و پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی تری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و گرتنه‌به‌ری دواین رێكار و شێواز بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی و هێرشه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌كات، پێی وایه ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه به هاوكاری حزبه‌كانی تر گرتوویانه‌ته‌به‌ر، سه‌ركه‌وتوو بووه و هه‌ر له ناوخۆی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه رووبه‌ڕووی سه‌رجه‌م پیلانه‌كانی كۆماری ئیسلامی ده‌بنه‌وه.
رۆژی چوارشه‌م سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی له رێی مووشه‌كی دوورهاوێژ و درۆنی بۆمبڕێژكراو، له چه‌ند قۆناغی جیاوازدا كه‌مپ و بنكه و باره‌گاكانی چوار حزبی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی له قووڵایی خاكی هه‌رێمی كوردستان كرده ئامانج، به‌هۆیه‌وه ده‌یان كه‌س شه‌هید و بریندار بوون و زیانێكی زۆری مادیش به‌ر باره‌گاكانیان كه‌وت.
حزبه‌كه‌ی ئازه‌ربار كه باره‌گاكه‌ی كه‌وتووه‌ته زڕگوێزی سلێمانی، جگه له زیانی مادی هیچ زیانێكی گیانی نه‌بووه، به‌ڵام حزبه‌كه‌ی تر كه له نزیك خۆیان هه‌ڵكه‌وتووه و به ناوی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له‌لایه‌ن عومه‌ر ئیلخانیزاده رێبه‌رایه‌تی ده‌كرێت، جگه له زیانی زۆری مادی، دوو كه‌سیان بریندار بووه.
ئه‌و هاوخه‌می خۆی بۆ هه‌ردوو حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و پارتی ئازادی كوردستان ده‌ربڕی كه به‌هۆی ئه‌م هێرشه تیرۆریستییانه ژماره‌یه‌ك له پێشمه‌رگه و ئه‌ندامانیان شه‌هید و بریندار بوون.
له هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێین، جگه له ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین و ده‌نگ هه‌ڵێنان و ئاگاداركردنه‌وه‌ی حكوومه‌ت، هیچ شتێكمان پێ ناكرێت
له‌باره‌ی پرسی هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ی سوپای پاسداران، عه‌بدوڵا ئازه‌ربار ده‌ڵێت، "ئێمه كه له هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێین، جگه له ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین و ده‌نگ هه‌ڵێنان و ئاگاداركردنه‌وه‌ی حكوومه‌ت، هیچ شتێكمان پێ ناكرێت، چونكه كۆماری ئیسلامیی ئێران لێره نییه تا رووبه‌ڕووی ببینه‌وه و له خاكی هه‌رێمی كوردستانیش به ته‌مای ئه‌وه نین هیچ شتێك بكه‌ین و ته‌نیا ده‌توانین هه‌ندێك رێكاری خۆپارێزی بگرینه‌به‌ر. وه‌ڵامی ئێمه له كوردستانی ئێران و له رێی خه‌ڵكه‌وه ده‌بێت، چ به هێنانی خه‌ڵك بۆ سه‌ر شه‌قامه‌كان و چ به مانگرتن و رێكاری تری خه‌بات و به كۆده‌نگی و یه‌كده‌نگییه‌كی زۆره‌وه بۆ هه‌ر هه‌نگاوێك به هاوكاری حزبه‌كانی تر بانگه‌واز بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه.''
پێویسته بگوترێ له دوای ئه‌وه‌ی ژینا ئه‌مینی له تاران به ده‌ستی هێزه‌كانی پۆلیسی ئاداب گیرا و دواتر ته‌رمه‌كه‌ی راده‌ستی بنه‌ماڵه‌كه‌ی كرا، ناوه‌ندی هاوكاری حزبه‌كانی كوردستانی ئێران به رێكخستنی مانگرتنی گشتی، توانیان له 19ی ئه‌یلوول په‌یامێكی به‌هێز به ئێران بده‌ن و له دوای ئه‌و مانگرتنه‌ش، خۆپێشاندان ته‌واوی پارێزگاكانی ئێرانی گرته‌وه و خۆپێشاندانه‌كانیش تا ئێسته درێژه‌یان هه‌یه، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه كۆماری ئیسلامی به هێرشكردنه سه‌ر ئه‌و حزبانه، هه‌وڵ به‌لاڕێدابردنی خۆپێشاندانه‌كان بدات.
عه‌بدوڵا ئازه‌ربار رێكاره‌كه‌ی پێشوو به سه‌ركه‌وتوو ده‌زانێ و ده‌ڵێت، ئه‌مجاره‌ش له‌وانه‌یه هه‌مان رێكار بگرنه‌به‌ر، هه‌رچه‌نده مه‌رج نییه بانگه‌واز و داواكارییه‌كانیان هه‌ر له چوارچێوه‌ی مانگرتن و خۆپێشانداندا بمێنێته‌وه، به‌ڵكو كاتێك بزووتنه‌وه‌كه ده‌چێته قۆناغی داهاتووی خۆیه‌وه رێكار و شێوازی جیاوازتریش ده‌گرنه‌به‌ر، به‌ڵام ئێسته هیچ رێكارێكی سه‌ربازی و پێشمه‌رگانه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئێران له ئارادا نییه.
''ئێمه له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی تری كوردستانی ئێران له‌سه‌ر خه‌تین و ئه‌گه‌ر نه‌توانین كۆ ببینه‌وه، به ته‌له‌فۆن له پێوه‌ندیی چروپڕداین. له‌رووی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش، رووداوه‌كه خۆی ئاشكرایه و ده‌نگدانه‌وه‌ی میدیایی هه‌بووه ، به‌ڵام خۆشمان راپۆرتی جیاوازمان له‌وباره‌یه‌وه ئاماده كردووه و بۆیان ده‌نێرین و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌و هێرش و پێشێلكارییانه ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه". عه‌بدوڵا ئازه‌ربار وای گوت.
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری درێژه‌كێشانی هێرشه مووشه‌كییه‌كانی ئێران، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ده‌فته‌ری سیاسیی كۆمه‌ڵه روونی كرده‌وه، كۆماری ئیسلامیی ئێران گوتوویه‌تی له‌و هێرشانه به‌رده‌وام ده‌بێت، له سنووره‌كانیش جووڵه‌ی هه‌یه و جووڵه به سوپای پاسداران كراوه و ئه‌گه‌ری زۆره هێرشی هاوشێوه ئه‌نجام بدرێت.
له ئه‌گه‌ری هێرشی زه‌وینی سوپای پاسداران له سنووره‌كانه‌وه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به ئامانجی لێدان له باره‌گای حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ئازه‌ربار پێی وایه ئه‌گه‌ر ئه‌مه روو بدات، ئه‌وا راستییه‌كه‌ی ئه‌ركی پاسه‌وانی سنوور و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستانه هه‌ڵوێستی هه‌بێت و ئه‌ركی ئه‌وان نییه ده‌ست له كاروباری ناوخۆی هه‌رێمی وه‌ربده‌ن، هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر داوایان لێ بكرێ وه‌ك چۆن له شه‌ڕی دژی داعش ئاماده‌ییان ده‌ربڕی، ئاماده‌ن پارێزگاری له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن. ته‌نیا كاتێك مافیانه به‌رگری له خۆیان بكه‌ن و رووبه‌ڕووی دوژمن ببنه‌وه كه هێرشه‌كه بكرێته سه‌ر باره‌گاكانیان.
ده‌خوازن هاوشێوه‌ی دیموكرات یه‌ك بگرنه‌وه و خۆیان به‌هێزتر بكه‌ن.
جێی باسه كۆمه‌ڵه چه‌ندان ساڵه بووه‌ته دوو حزب و وه‌ك چۆن دیموكراته‌كانی پێشووش ناكۆكیی قووڵی فكرییان نه‌بوو، ئه‌م دوو حزبه‌ش نییانه، بۆیه ده‌خوازن هاوشێوه‌ی دیموكرات یه‌ك بگرنه‌وه و خۆیان به‌هێزتر بكه‌ن.
ئازه‌ربار ده‌ڵێ، گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كه‌ی تری كۆمه‌ڵه درێژه‌ی هه‌یه و ئامانجیانه هاوشێوه‌ی ئه‌و یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌ی كه حزبی دیموكرات كردی، ئه‌وانیش یه‌ك بگرنه‌وه و هێز و تواناكانیان به‌رانبه‌ر به كۆماری ئیسلامیی ئێران پته‌وتر بكه‌ن.
له‌باره‌ی نزیكبوونه‌وه‌ی زیاتری حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و په‌ره‌پێدانی زیاتری ناوه‌ندی هاوكاری، پێی باش بوو حزبی تریش بێنه ناو ناوه‌نده‌كه، چونكه هه‌ر ئه‌و ناوه‌نده‌ی كه دایانمه‌زراندووه، ده‌ستكه‌وتی باشی هه‌بووه و كۆمه‌ڵێك كاری هاوبه‌شی میدیایی و نه‌ته‌وه‌یی و پلانیان هه‌بووه و سه‌ركه‌وتوو بوون.
ئه‌و ده‌ڵێ وه‌ك چۆن له‌گه‌ڵ حزبی دیموكراتیش له رووی فكرییه‌وه جیاوازییان هه‌یه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه خاڵی هاوبه‌شیان زۆره، توانیان له‌و ناوه‌نده‌دا پێكه‌وه كار بكه‌ن، ئه‌وا لایه‌نه‌كانی تریش ده‌كرێ خاڵه هاوبه‌شه‌كانیان بدۆزرێته‌وه و زیاتر له ده‌وری یه‌كتر كۆ ببنه‌وه و ناوه‌نده‌كه‌یان به‌هێزتر بكه‌ن.
پێویسته بگوترێ سه‌عاتێك دوای ئه‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ ئازه‌ربار ئه‌نجام درا، ناوه‌ندی هاوكاری حزبه‌كانی كوردستانی ئێران، له بانگه‌وازێكدا داوایان له خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردووه رۆژی شه‌موو یه‌كی ئۆكتۆبه‌ر "نۆی ره‌زبه‌ر"، به مانگرتنێكی گشتی و سه‌رانسه‌ری، ناڕه‌زایی خۆیان له‌م هێرشه تیرۆریستییه بۆ سه‌ر حزبه‌كانی كوردستانی ئێران ده‌رببڕن و بۆ جارێكی تر پشتیوانیی هه‌میشه‌یی خۆیان له بزووتنه‌وه‌ی كوردستان و رۆڵه‌كانی خۆیان له حزبه‌كانی كوردستان پێشان بده‌ن.