چۆن تووشبوون بە ئینفلەوەنزا و كێشەی دڵ لێك جیا دەكرێتەوە؟

:: PM:05:38:29/09/2022 ‌

هەندێك جۆری دڵەنۆرە هەیە كتوپڕ و توندن، بەڵام هۆكاری روودانیان بەهێواشی دەست پێ دەكات، واتە هەستكردن بە ئازارێكی سووكی سینگ و هەناسەتەنگی و نارەحەتییەكی كەم، بۆیە خەڵك فەرامۆشی دەكەن و بە حاڵەتی ئاسایی وەك سەرمابوون و ئینفلەوەنزای دەبەستنەوە.

رەنگە پرسیار بكرێت پێوەندی ئینفلەوەنزا بە دڵەنۆرەوە چییە؟، پێوەندییەكە لە هاوشێوەیی نیشانەكانی تووشبوونە، وەك هێڵنج و سەرسووڕان، كە دوو نیشانەی مەترسیدارن بۆ نزیكبوونەوەی تووشبوون بە تەنگژەی دڵ، زۆرجار مرۆڤ كە سەرمای دەبێت، كۆكین و ئاوی لووت و پژمینی دەبێت و دەنگ لە سینگییەوە دێت، بەڵام هاوكات رەنگە ئەو نیشانانە ئاماژە بۆ بوونی كێشەی دڵ بێت، بەڵام چۆن لە یەكتریان جیا دەكەیتەوە؟. 
پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكرێت
هێڵنج و سەرسووڕان و سەرگێژخواردن و ئارەقەی سارد و داهێزران و بێ تاقەتی، ئەوانە نیشانەی هاوبەشی هەردوو حاڵەتەكەن، ئەو دوو حاڵەتە پێوەندیان بە یەكترەوە نییە، بەڵام نیشانەكانیان لێك دەچێت لەوانە، هێڵنج، لە ئینفلەوەنزا تا و سەرئێشە و ئازاری ماسولكە و كۆكە و هەوكردنی گەروو و شەكەتی لەگەڵە، سەرسووڕان لە ئینفەوەنزا سەرئێشەی لەگەڵدایە، هەرچی داهێزران و ئارەقەكردنی ساردە ئەگەر لە ماوەی چەند رۆژێك نەما، ئەوە ئینفلەوەنزایە، ئەگەریش بەردەوام بوو ئەگەری زۆرە كێشەی دڵ بێت.

هەستكردن بە ماندوویی بەردەوام و بێ هۆكار پێوەندی بە دڵەوە هەیە، هەناسەنگی و ئازاری سینگ ئەگەر بەردەوام بوون و سەرسووڕان و لەهۆشخۆچوونی لەگەڵدا بوو، ئەوە مەترسیدارە و پێوەندی بە دڵەوە هەیە، نیشانەی تووشبوون بە تەنگژەی دڵ تەنیا لە سنگ و دڵ و هەناسەوە نییە، بەڵكو ئازاری قۆڵ و پشت و مل و شەویلاك و گەدە و هیتریش دەبێت، بەگشتی ئەگەر ئەو نیشانانە دەركەوتن، پێویستە مرۆڤ راوێژ بە پزیشكی پسپۆڕ بكات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل