سەنتەری میترۆ لە گرتنی رۆژنامەوانێك نیگەرانە

:: PM:06:02:29/09/2022 ‌

رۆژنامەوانی لە سەرانسەری دنیا كارێكی ئاسان نییە و پرە لە مەترسی، رۆژنامەوان دەكوژرێ و دەگیرێ و ون دەكرێت، سروشتی كارەكەیان وایە لەناو رووداوە گەرمەكاندا ئامادەبوونیان هەیە، راپۆرتی بنكۆڵی و شیكاری دەكەن، راستییەكان بۆ خەڵك دەخەنە روو، سەنتەری میترۆ بۆ ئازادی رۆژنامەوانی نیگەرانی خۆی بەرانبەر بە گرتنی رۆژنامەوانێك پێشان دەدات.

رەحمان غەریب، رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ ئازادی رۆژنامەوانی لە تویتێك نووسیویەتی، سەنتەرەكە ئەوپەڕی نیگەرانی خۆی بۆ راگرتنی بەشدار بازیانی، رۆژنامەوانی بنكۆڵكار رادەگەیەنێت، ئەوەیش بەهۆی چەند داوایەكی یاسایی كە دوو رۆژە لەلایەن وەبەرهێنەرێك و بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانی سلێمانی پێشكەیش كراوە.

روونی كردەوە، سەنتەرەكە دووپاتی دەكاتەوە كە كاری رۆژنامەوانی تاوان نییە، یاسای كاری رۆژنامەوانیش بە روونی میكانیزمەكانی مامەڵەكردنی لەگەڵ پرسەكانی پەخشكراو دوور لە گرتن، دیاری كردووە. 

شایەنی باسە لە ماوەی پێشوو ئەو رۆژنامەوانە بنكۆڵكارە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستی بۆ چەند پرسێكی پێوەست بە داگیركارییەكانی زەویوزار و فرۆشتنیان بردووە، كێشەی لەگەڵ سەرمایەدارێكی دیار هەبووە، بەوەی پڕۆژەی وەبەرهێنانی وەرگرتووە و فرۆشتوویەتییەوە، جیا لە فرۆشتنی موڵكی گشتی و جێبەجێنەكردنی پڕۆژەكان و هیتریش، بۆیە لەسەر ئەوانە داوای لەسەر تۆمار كراوە و گیراوە.   





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل