ئەمەریكا كوژرانی هاووڵاتییەكی لە بۆردمانەكەی ئێران راگەیاند

:: PM:09:42:29/09/2022 ‌

دوێنێ چوارشەم ئێران زۆر بە سەختی چەندان بنكە و بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵاتی لەناو خاكی هەرێم بۆردمان كرد و بەو هۆیەوە دەیان شەهید و برینداری لێ كەوتەوە، بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكا كوژرانی هاووڵاتییەكی ئەمەریكی لە هێرشەكە راگەیاند.

 فیدانت باتیل، جێگری گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند، هاووڵاتییەكی ئەمەریكی لە هێرشە مووشەكییەكەی دوێنێ ئێران بۆ سەر پێگەی حزبەكانی بەرهەڵستكاری ئێران لە هەرێمی كوردستان كوژراوە، ئاشكرای كرد، بەڵام بەهۆی تایبەتمەندیی بابەتەكە ناتوانێت لێدوانی زیاتر لەو بارەوە بدات.

هاوكات ئاژانسی "رۆیتەرز"، بڵاوی كردەوە، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی كوژرانی هاووڵاتییەكی ئەمەریكای لە بۆردمانەكەی دوێنێی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان كردەوە، روونی كردەوە، سەركۆنەی كارە دوژمندارییەكی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەكەین، پاڵپشتیش لە عێراق دەكەین لە وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەك.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای نوێی بەسەر ئێران سەپاند، كە 10 قەوارە و كەشتییەكی گواستنەوەی نەوتی پێوەندیداری بە ئێران گرتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل