یەكشەم پەرلەمان كۆ دەبێتەوە

:: PM:12:12:30/09/2022 ‌
 
بڕیارە ڕۆژی یەكشەم پەرلەمان كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدات، بەپێی بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە گفتوگۆ بۆ پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركردن بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ هەشنی 30ـی ئەیلوول، سامان ئەحمەد لە راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ڕۆژی یەكشەم دانیشتنی ئاسایی پەرلەمانی كوردستان هەیە، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرنامەی كاری داناوە.

 زیاتر گوتی، بەرنامەی كار بەردەوامبوون لەسەر خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای (پەروەردە و فێركاری لە هەرێمی كوردستان-عێراق)، ئەمەیش بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركردن مەبەست لە دەركردنی، بۆ ڕێكخستنی بوارە جیاوازەكانی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لەسەر كۆمەڵێك بەهای سەردەمییانەیە، بۆ بنیاتی تاكێكی خوێندەوار و هۆشیار و دیموكراسیخواز و داهێنەر و بەهاداری كوردستانی و مرۆڤدۆست، هەروەها بۆ گەشەپێكردنی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان، تا ببێتە مایەی بەرەوپێشبردنی تواناكان و خۆشگوزەرانیی تاك و كۆمەڵ و بەهێزكردنی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی و دەوڵەمەندكردنی كولتووری گەلی كوردستان.




وشە - رامیار جەواد