سه‌رۆك بارزانی له باسی سه‌ردانی فڕه‌نسادا ده‌ڵێ، هه‌رچه‌نده سه‌رۆكی فڕه‌نسا ئاماده نه‌بوو پێشوازی له شاندی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بكات، به‌ڵام هه‌واڵی بۆ ناردین كه ئاماده‌یه پێشوازی له من و مام جه‌لال بكات، له رۆژی 19ی ئابی 1992، سه‌رۆك میتران پێشوازییه‌كی گه‌رم و خۆمانه له من و مام جه‌لال كرد، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه ڕولان دوما وه‌زیری كاروباری فڕه‌نسا و بێرنارد كۆشنه‌ر ئاماده بوون، میتران له قسه‌كاندا گوتی، من باس ده‌زانم زۆڵمێكی گه‌وره له گه‌لی كوردستان كراوه، ئێسته مافی خۆیه‌تی به مافه‌كانی شاد بێت، ده‌رفه‌تێكی زێڕینتان بۆ هاتووه‌ته پێش و ئێسته ده‌توانن چه‌نده توانای جێبه‌جێكردنتان هه‌یه بیپارێزن، چونكه ئاگه‌داری ئاڵۆزی و پارچه‌پارچه‌كردنی كوردستانن، ئێمه به‌رده‌وام ده‌بین له هاوكاری و یارمه‌تیدانتان.
میتران پرسی ئه‌مه‌ریكییه‌كانتان پرسی به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر پاراستنتان یان نا
سه‌رۆك نووسیویه‌تی، میتران پرسی ئه‌مه‌ریكییه‌كانتان پرسی به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر پاراستنتان یان نا، ئێمه‌ش له وه‌ڵامدا گوتمان به‌ڵێ، به‌ڵێنیان داوه، دواتر ئێمه‌یش به دوور و درێژی باسمان له بارودۆخی كوردستان و ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌مان بۆ ئه‌مه‌ریكا و ئه‌گه‌ری به‌ستنی كۆنگره‌ی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و په‌سندكردنی فیدراڵی كرد.
"دواتر سه‌رۆك میتران رووی له من و مام جه‌لال كرد و پێی گوتین، چۆن توانیتان پارتی و یه‌كێتی بگه‌یه‌نن رێككه‌وتن، سه‌ره‌ڕای ئه‌و كێشه و گیروگرفتانه‌ی كه هه‌بوون، من له وه‌ڵامدا گوتم جه‌نابی سه‌رۆك، به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی كوردستان له كه‌سه‌كان و حزبه‌كان گرنگتره، دواتر گوتی زۆر خۆشحاڵت كردم به وه‌ڵامه‌كه‌ت". سه‌رۆك بارزانی وای نووسیوه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، سه‌رۆك میتران له درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی، گه‌لی كوردستان گه‌لێكی قه‌ره‌مانه و شایانی هه‌موو پشتگیرییه‌كه، بزانن هێزه‌كه‌تان له یه‌كگرتنی ناوخۆییتاندایه و كوردستان ده‌توانێ متمانه به فڕه‌نسا بكات، راوێژ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانمان ده‌كه‌ین تا دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌كی سیاسی، پێویسته پاراستن و پشتگیری خه‌ڵكی كوردستان به‌رده‌وام بێت.
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی، "له به‌شێكی تری قسه‌كانیدا رای گه‌یاند، تكایه له كاتی دابه‌زاندنی ناوچه‌ی ئارام، وه‌ك فڕه‌نسا رامان ئه‌وه‌بوو كه هێڵی 35 بێت نه‌ك 36، به‌ڵام كۆسپ و ته‌گه‌ره هه‌بوو، كه‌چی باسی جۆری كۆسپه‌كانی نه‌كرد، دواتر رووی له رولان دومای وه‌زیری ده‌ره‌وه كرد و گوتی، به‌رده‌وام به له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته هێڵی 35.