دۆزینەوەی دەرمانێك گەشەی شێرپەنجە دەوەستێنێت

:: PM:08:22:29/10/2022 ‌

تا ئێستە نەخۆشی شێرپەنجە وەك دێوەزمەی كۆمەڵگەی مرۆڤایەت وایە و بە وردی هۆكاری دیار نییە و چارەسەری بنبڕیشی نەدۆزراوەتەوە، دەرمانێك كە لە قۆناغی تاقیكردنەوەدایە، دەری خست توانای ئەوەی هەیە رێگری لە جینێك دەكات، كە هۆكارە بۆ گەشەكردنی چەندان جۆری شێرپەنجە، ئەوەیش بە دۆزینەوەیەكی گەورە لە بواری شەڕی دژ بەو نەخۆشییە لە قەڵەم دەدرێت.

وەك رۆژنامەی "دەیلی مێڵ"ی بەریتانی باسی كردووە، دەرمانەكە بە " OMO-103"، ناسراوە و لە رێگەی پەكخستنی كاری جینی " MYC"، كار دەكات، ئەو جینەی فەرمانەكان بۆ خانە سەبارەت بە دابەشبوون و گەشەكردنی بەردەوام رێك دەخات.

لەو توێژینەوەی لەسەر دەیان نەخۆش، كە  بەدەست جۆرە جیاوازەكانی شێرپەنجە دەناڵێنن و بەزەحمەت چارەسەر دەكرێن، كاریگەریی دەرمانەكە لەسەر وەستاندنی توانای گەشەی گرێی شێرپەنجەیی بۆ هەشت نەخۆش دەركەوت، لەوانە دوو شێرپەنجەی پەنكریاسیان هەبووە و سێیان شێرپەنجەی قۆلۆن و یەكێك شێرپەنجەی سییەكان و ئەوەی تر شێرپەنجەی لیكە رژێن. 

زانایان دەڵێن، خانە ئاساییەكان تەنیا ئەوكات پرۆتین بەرهەم دێنن كە كاتی زۆربوونی خانەیە، بە پیچەوانەی خانە شێرپەنجەییەكان كە بە شێوەیەكی بەردەوام بە بڕێكی زۆر بەرهەمی دێنن، بۆیە دەبێتە هۆی گەشەكردنێكی ناهاوسەنگی خانەكە. 

د. ئیلینا گرالدا، بەرپرسی یەكەمی پەرەپێدانی دەرمان لە پەیمانگەی فال دیبرۆن بۆ لووەكان لە بەرشەلۆنە روونی كردەوە، ئەو جینە یەكێكە لە گرنگترین ئامانجەكان لە بواری شێرپەنجەدا، رۆڵێكی سەرەكی لە پەرەسەندن و پاراستن لە چەند جۆرێك شێرپەنجە هەیە، لەوانە مەمك و پرۆستات و سییەكان و هیڵكەدان.   


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل