دوور له پێشبینییهكان، یانهیهك هاتووهته ناو کێبڕکێی گواستنەوەی لیۆنێل مێسیی ئەرجەنتینی، لە میرکاتۆی هاوینی داهاتوودا.
گرێبەستەکەی مێسی لەگەڵ پاریس سانجێرمان، هاوینی داهاتوو کۆتایی دێت، ئەگەری درێژکردنەوەی بۆ وەرزێکی تریش ههیه، بهڵام بە رەزامەندیی هەردوولا.
رۆژنامەی "زە ئەتلەتیک"ی بەریتانی ئاشكرای كرد، یانەی ئینتەر مهیامیی ئەمریکی لەم ماوەیهی رابردوودا هاتووهتە ناو کێبڕکێی گواستنەوەی مێسی.
ئهمه له كاتێكدایه چەند راپۆرتێک باس لەوە دەکەن، پاریس دەستی بە دانوستانەکانی كردووه بۆ نوێکردنەوەی گرێبهستی مێسی، ههروهها له لایهكی تریشهوه بەرپرسانی بارسێلۆنا هەوڵی گەڕاندنەوەی یاریزانهكه بۆ "کامپ نوو" دەدەن.
رۆژنامە بەریتانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دانوستانەکان لە نێوان یانە ئەمریکییەکە و نوێنەرانی مێسیدا بە باشی بەڕێوەدەچن و هەردوو لایەنیش گەیشتوونەتە قۆناغی پێشکەوتوو.
روونیشی کردەوە، ئینتەر مهیامی، كه دێڤید بێكهامی ئهستێرهی ناوداری ئینگلیزی خاوهنیهتی، گەشبینە بە گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ مێسی له دوای مۆندیال.
بەرپرسانی ئینتەر مهیامی دەزانن خێزانی مێسی خۆشحاڵ دهبن به گواستنەوەیان بۆ فلۆریدا، بە تایبەتی کە ماڵێکیان لە تاوەری پۆرش هەیە، هەروەها مهیامی پێوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەمریکای باشووردا هەیە.