بۆ ئەوەی لە شێرپەنجەی قۆلۆن پارێزراو بیت

:: PM:09:03:01/11/2022 ‌

زۆر كەس بەدەست كێشەی قۆلۆنەوە دەناڵێنن، كە چەندان نیشانەی بێزاركەری هەیە، لەویش مەترسیدارتر شێرپەنجەی قۆلۆنە، كە رەنگە چارەسەری زەحمەت بێت، بۆیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرەكانی شێرپەنجە و تەنانەت هەوكردنی قۆلۆنیش، خۆپارێزی باشترین رێگەیە، بەتایبەتی بە گۆڕینی شێوازی ژیان و پێڕەوكردنی سیستمی خۆراكێكی تەندروست.

وەك دەڵێن گەدە ماڵی پەتا و دەرمانە، یان ئەو خۆراكەی مرۆڤ دەیخوات تەندروستییەكەی دیاری دەكەن، كۆئەندامی هەرس یەكێكە لە گرنگترین كۆئەندامەكانی لەش، لەوانەیش قۆلۆن، كە بەشێكی ریخۆڵە ئەستوورەیە و فەرمانی كردنەدەرەوەی پاشەڕۆیە لە دوای تەواوبوونی كرداری هەرس و مژینی خۆراكی هەرسكراو و ئاو، هاوكات تووشی كێشە دەبێت، ئەوەیش لەلایەك بەهۆی ئەو خۆراكەی مرۆڤ دەیخوات، لەلایەكی تر دۆخی دەروونی مرۆڤەكە. 
ساڵانە لە ئەمەریكا 100 هەزار كەس تووشی شێرپەنجەی قۆلۆن دەبن
كێشەی قۆلۆن تەنیا ورووژان و هەوكردن نییە كە با و ئاوسانی سك و سكچوون و قەبزی دروست دەكات، ئەگەری هەیە دۆخەكە بۆ شێرپەنجەی قۆلۆن پەرە بستێنێت، كە بەپێی داتاكای كۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمەریكا ساڵانە لەو وڵاتە 100 هەزار كەس تووشی شێرپەنجەی قۆلۆن دەبن. 

وەك شارەزایان باسی دەكەن، 12 جۆر خۆراك هەن سوودی زۆریان بۆ تەندروستی قۆلۆن هەیە، لەوانە فاسۆلیا، كە رەنگە بگوترێت غازات دروست دەكات، بەڵام بە ریشاڵ دەوڵەمەندە و یارمەتی بەتاڵبوونی ریخۆڵەكان لە پاشەڕۆ دەدات، دەتوانی زۆری لێ نەخۆیت، هەروەها ماست كە كالسیۆمی تیادایە مرۆڤ لە شێرپەنجە دەپارێزێت، جیا لەوانە ماسی جۆری ماكریل، كە بە چەوری سوودبەخش دەوڵەمەندە، برنجی قاوەیی و دانەوێڵەی تەواو، میوەی وشككراوە، كەمی لێ بخورێت.

لەپاڵ ئەوانەی سەرەوە، جۆرە خۆراكێك هەیە بەناوی كیشمی، كە كۆرییەكان دەیخۆن و هاوشێوەی تورشیاتە، سینگی مریشك و پرتەقاڵ و مۆز و زەیتی زەیتوون و ئاو و دانەوەێڵەی وەك شیا، لە بەرانبەردا دووركەوتنەوە لە زۆر خواردنی گۆشتی سوور و دروستكراو و خواردنی سووروەكراوە و كحوول، كە مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی قۆلۆن زیاتر دەكەن.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل