هه‌ڵبژارده‌یه‌كی مۆندیالی 2022 ده‌یه‌وێت ناوی خۆی بگۆڕێت

:: PM:02:49:02/11/2022 ‌
فیدراسیۆنی تۆپی پێی وێڵز، بە نیازە ناوی هه‌ڵبژارده‌ی وڵاتەکەی بگۆڕێت لە پاڵەوانیه‌تییە ئەوروپایی و نێودەوڵەتییەکان و ناوێکی تر هه‌ڵبژێرێت.

میدیاکانی بەریتانیا بڵاویان کردەوە، فیدراسیۆنی وێڵز بە مەبەستی گۆڕینی ناوی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌وروپا "یوێفا" چووەتە گفتوگۆ، بەڵام ئەو گفتوگۆیانە هێشته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فەرمی نین.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی وێڵز دەیەوێت لەسەر ئاستی کیشوەری و نێودەوڵەتی بە "سیمرۆ" بناسرێت، کە ئەو ناوەیە لە ناوخۆی وڵاتدا لە ناو هاندەرانی تۆپی پێدا به‌كار دێت.

رۆژنامەی "میره‌ر"ی بەریتانی بڵاوی کردەوە، "سیمرۆ" ئەو ناوەیە کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی وێڵز لە نامە ناوخۆییەکانیدا لەگەڵ یانەکاندا بەکاری دەهێنێت، لە دەرەوەش لەگەڵ هاوتا ئەوروپایی و نێودەوڵەتییەکانیدا.

نۆیل مونی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی وێڵز باسی لەو هەنگاوە کرد و گوتی: دەبوو پێش بەشداریکردن لە مۆندیالی 1958 ئه‌م ناوه‌مان بۆ هه‌ڵبژارده‌كه‌مان دابنایه‌، سیمرۆ ئەو ناوەیە کە لێرە دەیناسین.

ئاماژەی بەوەش کرد "ئه‌مه‌ تێڕوانینی ئێسته‌ی ئێمەیه‌، ئەگەر سەردانی ماڵپەڕی فەرمیمان بکەن بۆتان دەردەکەوێت، کە ئێمه‌ سیمرۆین.

نۆیل مونی ده‌ڵێت: لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەبێت له‌ 2023 هه‌وڵی زیاتر بده‌ین، بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە بنێین، بۆیە جارێ بە ناوی وێڵزەوە دەچینە مۆندیالی داهاتوو.

وێڵز به‌شداریی مۆندیالی 2022 ده‌كات له‌ قه‌ته‌ڕ، كه‌ بۆ دووەم جاره‌ لە مێژووی خۆیدا بەشداری مۆندیال ده‌كات، دوای ئه‌وه‌ی یەکەم جار لە مۆندیالی 1958 له‌ سوێد به‌شداریی كرد.

هەڵبژاردەی وێڵز له‌ مۆندیالی قه‌ته‌ڕ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌مه‌ له‌ ته‌ك هەڵبژاردەكانی ئینگلتەرا، ئه‌مریكا و ئێران.





وشە - ئەرسەلان عەبدوڵا