فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رای گەیاند، لەگەڵ خیسۆس کاساسی راهێنەری ئیسپانی گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی له ماوەی داهاتوو سەرکردایەتی مەشقەکانی ههڵبژاردهی عێراق بكات.
سکرتێری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق محەمەد فەرحان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکان رای گەیاند، لەگەڵ راهێنەری ئیسپانی خیسوس کاساس گەیشتوونهته رێککەوتن، بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق لە ئەستۆ بگرێت.
بڕیاریشه راهێنهرهكه لە چەند رۆژی داهاتوودا بگاتە بەغدای پایتەخت بۆ ئەوەی بە فەرمی گرێبهستهكهی واژوو بکات.
محهمهد فەرحان گوتی: "ستافی نوێی تەکنیکی هەڵبژاردەی عێراق پێنج یاریدەدەر لەخۆدەگرێت، کە کاساس هەڵیبژاردوون، لەوانە راهێنەرێکی گۆڵپارێز، راهێنەرێکی توانای جهستهیی، شرۆڤەکاری تەکنیکی و دوو یاریدەدەر".
سكرتێری فیدراسیۆنی عێراق ئاماژەی بە هیچ وردەکارییەکی دارایی و یاسایی نەکردووە کە پێوەندیی بە چۆنیهتیی رێککەوتنەکەوە هەبێت، هەروەها دیارینەکردنی وادەیەک بۆ وەرگرتنی فەرمی ئەرکەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق، کە چاوەڕێ دهكرێت ئهم مانگه چوار یاریی دۆستانە بكات.
کاساس تەمەن 49 ساڵ، لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2022 وەک یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا "لویس ئێنریکی" کاری کردووە، هەروەها وەک بەڕێوەبەری کارگێڕیی تیپهكانی لاوانی یانهی قادێش کاری کردووە.
بڕیارە هەڵبژاردەی عێراق چوار یاریی دۆستانە ئەنجام بدات، کە دوو یارییان لە 9 و 12ی ئەم مانگە بەرانبەر مەکسیک و ئیکوادۆر دەبێت لە شاری خیرۆنای ئیسپانیا، پێش ئەوەی لە 17ی مانگ لە بەسرە میوانداریی كۆستاریكا بكات، لە 21ی مانگیشدا لە بەسڕه یان بهغدا میوانداریی ڤەنزوێلا دهکات.
جێی باسه ئێسته رازی شنهیشل راهێنهری ههڵبژاردهی عێراقه.