عەبدوڵای كوێخا موبارەك یەكێتی تەزاند

:: PM:02:29:04/11/2022 ‌
عەبدوڵای كوێخا موبارەك پەیامێك ئاراستەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەكات و دەڵێت، عەیبەیەكی گەورەیە لەو ئاستە باڵایەی بەرپرسیارێتیدا و بەو تەمەنە زۆرەتان لە ئەزموون و خەبات ئێستە لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی بوختان بكەن و بكەونە داوی ئەو فەوزا و مناڵبازاڕیەوە لە سیاسەت و سۆشیال میدیا دەگوزەرێ.

ئەمڕۆ هەینی چواری تشرینی دووەم، عەبدوڵا كوێخا موبارەك لە پەیامێكی بۆ مەكتەبی سیاسی و سەركردەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نووسیوویەتی، عەیبەیەكی گەورەیە لەو ئاستە باڵایەی بەرپرسیارێتیدا و بەو تەمەنە زۆرەتان لە ئەزموون و خەبات ئێستا لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی بوختان بكەن و بكەونە داوی ئەو فەوزا و مناڵبازاڕیەوە كە لە سیاسەت و سۆشیال میدیا دەگوزەرێ.

باسی لەوەش كردووە، لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا چەندین سەركردەی یەكێتی وەكو شێخ جەعفەر، جەمیل هەورامی، حەسیبە عەبدوڵلا لە تەلەفیزۆنی حزبەكەیانەوە و لە ڕوونكردنەوەی فەرمی مەكتەبی سیاسی یەكێتیشدا باسی ئێمە و ئەو ڕووداوەیان كرد كە لە چەمچەماڵ ڕوویدا و ئێمەی پێ تۆمەتبار كراین و سكاڵامان لێكرا، هەموویان زۆر بە موسەیتەری وا باسیانكرد كە ڕووداوەكە بە ڕۆژی ڕووناك و بە ئاشكرا بووە، وەكو تاوانبار و تیرۆریست باسی ئێمەیان كردووە نەك تۆمەتبار، باسی ئەوەیان كرد كە ئێمە نەچوینەتە دادگا، پارتی دیموكراتیان بەوە تۆمەتبار كرد كە داڵدەی ئێمەی دابێت لە هەولێر و بەو هۆیەوە فەوجی بۆمان كردبێتەوە، من بە چەند خاڵێك بەرچاو ڕوونی ئەدەمە خەڵكی كوردستان و وەڵامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و ئەو سەركردانەی یەكێتی ئەدەمەوە.

لە خاڵەكانی عەبدوڵای كوێخا موبارەك هاتووە، ئەو ڕووداوە بە ڕۆژی ڕووناك نەبووە و سەعات 10ی شەو بووە لە گەڕەكێكی تا ڕادەیە چۆڵ و بێ كامێرا، بچوكترین بەڵگە و دەلیل نیە كە چۆن و كێ ئەو كارمەندەی ئاسایشی كوشتووە.

روونی كردووەتەوە، لە دادگا یاخی نەبوونە و هەموو ئەوانەی كە سكاڵایان لێكراوە بە زووی چونەتە دادگا و بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگە و دەلیلێك لەسەرمان لە ١٤/٦/٢٠٢٢ ئازاد كراوین، هەروەها ئێمە لە چەمچەماڵ نەڕۆیشتوین تا پارتی داڵدەمانی دابێت لە هەولێر.

لە وەڵامێكی تری بۆ ئەو بوختانەی بۆی دەكرێ‌ دەڵێت، باسی ئەوە دەكەن لە دوای ئەو ڕووداوە پارتی فەوجی دابێت بە من، یەكەم من تا ئێستە هیچ پلە و پۆستێكی سیاسی و سەربازی و حكومیم وەرنەگرتووە و بە نیازی پلە و پۆستیش نیم، دووەم ئەو فەوجە نۆ مانگ پێش ئەو ڕووداوە دروستكرا نەك دوای ڕووداوەكە، ئەو فەوجە بۆ من نەبوو، بەڵكو بۆ دامەزراندنەوەی ئەو گەنجانە بوو كە ئێوە لە ئەنجامی ململانێی سیاسی نێوان خۆتان و بزوتنەوەی گۆڕاندا سزایانتان دا و نانبڕاویانتان كرد، توانیمان 600 گەنجی سنووری چەمچەماڵ لەسەر میلاك و لەسەر دەستی پارتی دابمەزرێنین.



وشە - رامیار جەواد