بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم رای دەگەیەنێت، بەغدامان ئاگەداركردووەتەوە بەشەخۆراكی خراپ رەوانەی هەرێم نەكات. دەڵێت، ئەو بەشەخۆراكەی خراپە و كەڵكی بەكارهێنانی نییە دەینێرینەوە بۆ بەغدا.
ئەمڕۆ هەینی11ی تشرینی دووەم، نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم، بە "وشە"ی راگەیاند، لە بارەی بەشەخۆراكی مانگانە و ئەو مادە خۆراكیانەی كە لە سەبەتەی خۆراك دەدرێنە هاووڵاتییان مانگانە، هەر خۆراكێك كە بە دەستمان دەگات لای خۆمانەوە پشكنینی بۆ دەكەین و دوای دڵنیابوون لە كوالێتی دابەش دەكرێت.
روونیشی كردەوە كە پێشتر "بەغدامان ئاگادار كردووەتەوە كە خۆراكی خراپ رەوانەی هەرێمی كوردستان نەكات"، چونكە ئێمە ئەگەر دڵنیانەبین لە باشی جۆرەكەی و لە پشكنین دەرنەچێت راست رەوانەی دەكەینەوە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی باسی لەوە كرد، پێشتر چەندینجار خۆراكی خراپ یان كە لە پشكنینی خۆمان دەرنەچووە ناردوومانەتەوە بۆ بەغدا، داوامان لە بریكارەكان و هاووڵاتییانیش كردووە ئەگەر خۆراكی خراپیان بە دەست گەیشت دەست بەجێ بیگەڕێننەوە و ئێمەش دەیبەینەوە كۆگاكان و لەوێشەوە بۆ بەغدا.
پێشتریش چەندانجار ماددەكانی خۆراك بەتایبەت برنج و دۆشاو و فاسۆلیا و لەتكە نۆكی بێ كوالێتی بەسەر هاووڵاتییان دابەش كراوە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی