دوای ئەوەی حكوومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، قەدەغەی هاتوچۆی ژنانی بۆ پاركەكان كرد و بە كارێكی نادروستی دەرەوەی یاساكانی ئیسلامی زانی. ئێستە پاركەكانی كابوڵ بێ ناز و ژنانیش لە ماڵەوە ماندوو شەكەتن.
یاساکە بەشێكە لەو حوكمە شەرعیانەی كە بزووتنەوەی تاڵیبانی حاكمی ئەفغانستان كاریان لەسەر دەكات بۆ چەوساندنەوەی ئافرەت و بێبەشكردنی لە مافە سەرەتایی و گشتیەکان.
پێشتریش ئەوە قەدەغە كراوە كە ژنان بەبێ پیاو بۆیان نییە لە ماڵ دەربچن، هاوكات ناچار کران حیجاب و یان باڵاپۆشی تەواو بن، نزیكەی ساڵێكیشە قوتابخانەی ناوەندیی کچان لە زۆربەی ناوچەكانی وڵاتەكەدا داخراون.
محەمەد عاکیف سادق گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان، بە"
ئەی ئیف پی" راگەیاند كە دەزگای ھەوالگری فرەنسا لە ماوەی 15 مانگی ڕابردوودا هەموو هەوڵێکمان دا بۆ ڕێکخستن و دانانی یاساکان، تەنانەت ڕۆژەکانیشمان دیاری کرد، بەڵام راستییەكەی هێشتا دەبێت لە زۆر شوێن بڵێین یاساکان پێشێل کراون.
گوتەبێژەكە دووپاتی كردەوە كە تێکەڵبوونی ژن و پیاو هەبوو لە زۆر شوێنی وڵاتدا، بەڵام هەست بەوە كرا حیجاب بەكار ناهێنن، بۆیە ئەو بڕیارە نوێیە درا.
ئەو بڕیارە ئاوی ساردی دا بە دڵی ژنانی ئەفغانستاندا و لەوانیش زیاتر خاوەنی پارك و شارەكانی یاریی نیگەرانن، چونكە یەكەمیان ئازادی نەما و دووەمیش وەبەرهێنانەكانیان پووچەڵ دەبێتەوە و زیانی داراییان پێدەگات.
جیا لەو ستەمە زۆرانەی بە قۆناغ بەسەر ژنانی وڵاتەكەدا دەسەپێنرێن، ئێستە هیچ قوتابخانەیەک نییە بۆ خوێندنی کچانی ئەفغانی و رێگەیش نادرێ لە دەرەوە كار بكەن. لەمەودا بۆیان نییە بچنە شاری یاریی و پاركەكانیش.
ژنێك لە كابولی پایتەخت بە ئاژانسی "ئەسیۆشەیتد پرێس"ی گوتووە، "ئێمە تەنیا و بێزار و ماندووین، لە مانەوەی ماڵ شەكەت دەبین و ئێستە مێشکمان زۆر ماندووە".
ڕەیحانە /21 ساڵ/ لە زانکۆ خەریکی خوێندنی شەریعەتی ئیسلامییە، پاش بڕیاری قەدەغەی پاركەكان، نائومێدی خۆی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی ڕۆژانە لەگەڵ دەستە خوشکەکانی كاتیان لەوێ بەسەر دەبرد.
ئەو هەر لە لە پارکەکە قسەی بۆ پەیامنێرەكە دەكرد و گوتی، "زۆر پەرۆشی ئەو کاتانەم کە پێکەوە لەگەڵ كچانی زانكۆ بەسەرمان دەبرد".
رەیحانە كە خۆیشی شارەزایی لە ئاینی ئیسلامدا هەیە و پسپۆڕییەكەی ئەوەیە لە داهاتوودا، ئاماژەی دا، لە ئیسلامدا رێگە بە ژنان دراوە بچنە دەرەوە و سەردانی پارکەکان بکەن، بەڵام کاتێک تۆ لە وڵاتی خۆتدا ئازاد نەبیت، کەواتە ژیان مانای چیە؟.
چەند میلێک دوورتر لەو شوێنەی رەیحانە قسە دەكات، چەرخوفەلەق و یارییە گرنگەكان دیارن كە لە پارکی زازایی بێناز دەچنە حەواو دادەبەزن، دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی کابوڵ پێشان دەدەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی سەردانیکەر، هیچ پارەیەك بۆ خاوەنەكەی ناكات بە داهات.
پێش ئەم یاسا نوێیەی كە ژنانی لە پاركەكان قەدەغە كرد، رۆژانی تر شارەكانی یاریی پڕ بوون لە سەردانكەر و رۆژانی هەینیش كە پشووی گشتییە، جمەی دەهات لە هاتوهاواری یاریی منداڵان و دیداری خانمانی دایك.
دوای بڕیارەكە، دوو ڕۆژە رۆژە رۆژنامەنووسان دیقەتی ئەوەیان داوە كە تەنیا ژمارەیەکی کەم پیاو لە پارکەکەدا پیاسە دەكەن و ئەوانیش بێ حەواسن.
محەمەد تەمیم /20 ساڵ/، لە قەندەهارەوە سەردانی كابوڵی كردووە و لە پاركێك چای دەخواردەوە، قەدەغەکردنی ژنانی بۆ پارك و شاری یاریی، بە "هەواڵی خراپ" وەسپ کرد.
"هەموو مرۆڤێک لە ڕووی دەروونییەوە پێویستی بە دڵخۆشی هەیە، بۆیە پێویستە مسوڵمانانیش دڵخۆش بن، بە تایبەتی دوای 20 ساڵ لە شەڕ" محەمەد وای گوت. وەك ئاماژەیەك بۆ مێژووی خوێناوی وڵاتەكەیان بەدەست تیرۆری رێكخراوی قاعیدە و بزووتنەوەی تاڵیبان و داگیركاری ئەمەریكا و دواتر رادەستكردنەوەی بە رێكخراوە ئیسلامییەكە.
ئامادەكردنی خەدیجە یاسین