تەرمی دوو كچ بە سەربڕاوی دۆزرانەوە

:: PM:11:12:15/11/2022 ‌

سەرچاوەیەكی تەناهی و روانگەی مافی مرۆڤی سووریا رایان گەیاند، ئەمڕۆ تەرمی دوو كچی میسری بە سەربڕاوی لە ناو ئاوەڕۆی كەمپی هۆلی خێزانەكانی داعش لە باكوری سووریا دۆزراونەتەوە.

سەرچاوەیەكی تەناهی باسی كردووە، ئەمڕۆ ئاسایشی پەیەدە تەرمی دوو كچی میسریان لە ئاوەڕۆی كەمپی هۆل لە باكوری سووریا بە سەربڕاوی دۆزیەوەتەوە، ئەو كەمپەی زیاتر لە 50 هەزار كەسی تیادایە و نیوەیان عێراقین و 11 هەزاریشیان بیانین، كە ماوە ماوە رووداوی كوشتن و هەڵاتن بەخۆیەوە دەبینێت. 

لەوكاتەی سەرچاوە تەناهییەكان لەو كەمپە دەڵێن، تەرمی ئەو دوو كچە میسرییە لەناو ئاوەڕۆدا دۆزراوەتەوە، روانگەی مافی مرۆڤی سووریا ئاماژە دەكات كە ئەوان بە ئامێرێكی تیژ، لە بەشی تایبەت بە بیانییەكان لەو كەمپەدا كوژراون.

بەپێی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان لە نێوان 2021 و 2022 زیاتر لە 100 كەس لەو كەمپەدا كوژران، تانیا ئیڤانز، بەڕێوەبەری لیژنەی بەهاناچوونی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، كوژرانی ئەو دوو كچە رووناكی دەخاتە سەر پێویستی بە دۆزینەوەی چارەسەری درێژخایەن بۆ منداڵانی ئەو كەمپە، بۆیە پێویستە ئەوان بگەڕێندرێنەوە وڵاتی خۆیان و ژیانێكی ئاساییان بۆ فەراهەم بكرێت.

بەپێی زانیارییەكان 64%ی دانیشتووانی كەمپی هۆل منداڵن، ئەوان لە دۆخێكی زۆر خراپی تەندروستی و بژێویدا دەژین، مارتن فلۆكسترا، بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەكانی رێكخراوی پزیشكانی بێ سنوور دەڵێت، كەمپەكە وەك گرتووخانەیەكی كراوەیە، زۆرینەی دانیشتووانی منداڵن و زۆرینەیان لەوێ لەدایك بوونە و لە منداڵی بێبەش كراون، لە دۆخێكی توندوتیژی و سوودلێوەرگرتندا دەژین، بێ ئەوەی چاودێری تەندروستی و هەلی فێركردنیان هەبێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل