باران خانوویەك دەڕمێنێ و خێزانێك لەناو دەچن

:: AM:09:42:17/11/2022 ‌
سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای زیقار رای گەیاندووە، بەهۆی بارانێكی بەخوڕ، شەوی رابردوو خانوویەك داڕما و بووە هۆی لەناوچوونی خێزانێك.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ پێنجشەم 17ی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی سەرچاوە تەناهییەكە، لە گوندێكی باكوری پارێزگای زیقار و بەهۆی برانێكی زۆرەوە، خانوویەك داڕما، بەهۆیەوە چوار ئەندامی خێزانێك لەناو چوون.

سەرچاوەكە زیاتر روونی كردووەتەوە، خانووەكە بە قوڕ دروست كرابوو و بارانەكەیش زۆر بەخوڕ بووە، بۆیە لە نیوەشەودا خانووەكە بەسەر خێزانەكە داڕماوە، بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی پیاوێك و هاوسەرەكەی و دوو منداڵیان.

دواتریش سەرچاوەكە ئەوەشی گوتووە كە خەڵكی گوندەكە توانیویانە دوو منداڵی تری خێزانەكە رزگار بكەن.

لە دوێنێوە بارانبارین تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستانیشی گرتەوە، پێشتریش گومان دەكرا لە چەندان ناوچە لافاو دروست ببێت.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د