وەرزشی بەیانیان بۆچی جیاوازە؟

:: PM:08:50:20/11/2022 ‌

وەرزش، لەپاڵ خۆراك و شێوازی تەندروستی ژیان، كلیلێكی تەمەندرێژی و تەندروستی باش و دووركەوتنەوەیە لە نەخۆشییەكان، ئەوانەی وەرزشی رێكوپێك دەكەن، ژیانێكی دوور لە نەخۆشیان هەیە، توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكات كە ئەو ژنانەی وەرزشی بەیانیان دەكەن، كەمتر تووشی نەخۆشییەكانی دڵ و سەكتەی مێشك دەبنەوە.

توێژینەوەكە 85 هەزار كەسی لە بەریتانیا گرتەوە و ماوەی هەفتەیەكی خایاند، كە كرانە چوار كۆمەڵە، یەكێكیان بەیانیان لە سەعات هەشت چالاكی جەستەییان هەبوو و وەرزشیان كردووە، كۆمەڵەیەكی تر لە سەعات 10ی پێش نیوەڕۆ و سێیەم لە نیوەڕۆ و چوارەمیش سەعات حەوتی ئێوارە.

توێژەران بۆیان دەركەوت ئەوانەی سەعات هەشت تا سەعات 11ی پێش نیوەڕۆ وەرزشیان كردووە و چالاكی جەستەییان هەبووە، كەمتر مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی دڵ و سەكتەی مێشك هەبووە.

غالی بەلاك، سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە لە سەنتەری پزیشكی لە زانكۆی لایدن لە هۆڵەندا دەڵێت، ئەوەی زانراوە و جێگیرە كە وەرزشكردن بۆ تەندروستی دڵ بەسوودە، توێژینەوەكەشمان ئاماژە دەكات كە ورزش و چالاكی بەیانیان سوودی زیاترە، بەتایبەتی لە ژنان، لەوانەی بەیانیان زوو چالاكن بە بەراورد بەوانەی شەوانە چالاكن.

بەپێی توێژینەوەكە، بەشدارانی تەمەنی 42 بۆ 78 ساڵ كە پێشتر نەخۆشییەكانی دڵ و لوولەكانی خوێنیان نەبووە، دوای چاودێریكردنیان بۆ ماوەی هەشت ساڵ و بە رەچاوكردنی كاتی چالاكییان، ژمارەیەكیان تووشی كێشەی دڵ و ژمارەكیشیان تووشی سەكتەی مێشك بوونەوە، دەركەوت ئەوانەی لە نێوان سەعاتەكانی هەشت بۆ 11ی پێش نیوەڕۆ چالاكن، مەترسی كەمتری ئەو نەخۆشیانەیان لەسەرە.  

هەروەها دەركەوت كە ژنان زیاتر سوود لە وەرزشی بەیانیان دەبینن، د. ریمۆند نوردام دەڵێت، بێگومان وەرزش و راهێنان لە هەر كاتێكی رۆژ سوودی هەیە، ئەوە پەیامە گرنگەیە، بەڵام ئەنجامی توێژینەوەكان دەریان خستووە كە وەرزش و راهێنانی بەیانیان سوودی زیاترە. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل