رەنكە ئەو پرسیارە بكەیت، ئاخۆ سوێری یان خوێ چۆن كار دەكاتە سەر نەخۆشی شەكرە؟، نەخۆشی شەكرە بە هەرسێ جۆرەكەیەوە نەخۆشییەكی درێژخایەنە، بریتییە لە بەرزبوونەوەی رێژەی شەكر لە ناو خوێن، هۆكارەكەی بۆماوەیی یان كەمیی بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین یان بەرگری خانەكانی لەش بۆ كاری ئەنسۆلین، بەڵام پێوەندی هەموو ئەوانە بە خوێ چییە؟
رەنگە هەندێك وا بزانن كە پێوەندییەكی راستەخۆ لە نێوان خوێ و شەكرەدا هەیە، واتە ئەو كلۆریدی سۆدیۆمە یان سۆدیۆمەی لە خوێدا هەیە كار دەكاتە سەر بەرگری ئەنسۆلین لە خانەكان، دەركەوتووە كە پێوەندی خوێ و شەكرە راستەوخۆ نییە، ئەوەی هەیە سۆدیۆم بەرپرسە لە هاوسەنگی شلەی لەش، بەوەش پارێزگاری لە پەستانی خوێن و قەبارەی ئاسایی خوێن دەكات، بۆیە خواردنی خوێی زۆر دەبێتە مایەی قەتیسبوون و كۆبوونەوەی شلەیەكی زۆر لەناو لەش، وەك ئاوسانی پێ، كە ئەوانەش زیانیان بۆ نەخۆشانی شەكرە هەیە، بۆیە بەپێی ئەو خۆێیەی دەیخۆن دۆخی ئەوان خراپتر دەبێت.
بۆیە خواردنی بڕێكی زۆری
خوێ وا دەكات نەخۆشانی شەكرە، یان ئەوانەی لە قۆناغی پێش تووشبوونن، پەستانی خوێنیان بەرز بێتەوە و تووشی نەخۆشی دڵ سەكتەی مێشك و نەخۆشییەكانی گورچیلە ببنەوە.
بەكورتی توێژەران بۆیان دەركەوتووە كە خواردنی رۆژانەی هەر گرامێك زیاتر لە سۆدیۆم، كە دەكاتە 2.5 گرام لە خوێی چێشت، مەترسی تووشبوون بە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە بە رێژەی 43% زیاد دەكات، هەروەها بە رێژەی 73% كار لە پەرەسەندنی جۆری یەكەمی شەكرە دەكات.