نوستن قۆناغێكی كرنگی ژیانی مرۆڤە، شارەزایان دەڵێن ئەو قۆناغە لە قۆناغی بەئاگایی گرنگتر و جەنجاڵترە، توێژینەوەیەكی نوێ باسی ئەوە دەكات كە گۆڕانی كاتی نوستن، بەتایبەتی لای مێردمنداڵان، كار دەكاتە سەر تەندروستی سۆزداری و ئاكاری رۆژانەیان لە داهاتوودا.
توێژەران دەڵێن، جیا لەوە كار دەكاتە سەر مێشك و دەبێتە هۆی دواكەوتنی گەشەكردنی مێشك لە قۆناغی مێردمنداڵی درەنگدا، بەشێوەیەك ئەوان دەبنە بوونەوەری شەوانە، واتە شەوان درەنگ دەخەون و بەیانیانیش درەنگ لەخەو خەبەریان دەبێتەوە، توێژینەوەكە باسی پێوەندی نوستن و بنیاتی مێشك و چۆنیەتی كارتێكردنیان لە یەكتر دەكات.
دوای چاودێریكردنی ژمارەیەك مێردمنداڵ، دەركەوت ئەوان لە تەمەنی 12 بۆ 13 ساڵ، واتە مێردمنداڵی درەنگ دەبنە بوونەوەری شەوانە و لە ساڵانی دواتر دووچاری كێشەكانی پێوەست بە ئاكار و هەڵسوكەوت دەبنەوە، دەبنە بوونەوەری ناكۆمەڵایەتی و شەڕانگێز و لاسار و بنەماشكێن و زیاتر دووچاری كێشە سۆزدارییەكانی وەك رارایی و خراپیی میزاج دەبنەوە.
هەروەها دەركەوت كە ئەو مێرمنداڵانەی دەبنە بوونەوەری شەوانە، تێكڕای گەشەسەندنی مێشكیان دادەبەزێت، كاتێك مادەی سپی مێشكی ئەوان وەك ئاسایی پەرەناستێنێت، كە بۆ پەرەسەندنی هۆشیاری و زانیاری و سۆزداری و ئاكاری رۆژانە گرنگە.
وەك توێژەران دەڵێن، بوونەوەرانی شەوی و رۆژی، واتە ئەوانەی شەوانە بێدارن و درەنگ دەخەون و ئەوانەشی بەیانیان زوو خەبەریان دەبێتەوە، بنیاتی مێشكیان جیاوازە، واتە لە رووی گەشەسەندنی هەردوو مادەی سپی و خۆڵەمێشی مێشك، كە پێوەستن بە یادەوەری و سۆزداری و هۆشیارییەوە.