ئه‌مساڵ بڕیارێك درا كه نابێت برنج به ئاوی ژێرزه‌وی بچێنرێت و دواتر بڕیاره‌كه هه‌ڵوه‌شایه‌وه، ئێسته‌یش جووتیاران دوودڵن له‌وه‌ی ئاماده‌كاری بكه‌ن بۆ چاندن بۆ ساڵی داهاتوو، به‌ڵام وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ دڵنیایی ده‌دات چاندنی برنج به‌ئاوی ژێرزه‌وی قه‌ده‌غه نییه.
ئه‌حمه‌د جه‌میل به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی دهۆك، بۆ "وشه" گوتی، جووتیاران ئه‌مساڵ ده‌توانن ئاماده‌كاری بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی زه‌وی ته‌رخان بكه‌ن و به بیر و ئاوی ژێرزه‌وی برنج بچێنن، هیچ بڕیارێك نییه كه چاندنی برنج به بیر قه‌ده‌غه بێت و بڕیارێكی له‌و شێوه‌یه به‌ده‌ست ئه‌وان نه‌گه‌یشتووه.
ئه‌حمه‌د جه‌میل زیاتر گوتی، ئه‌مساڵ 20 هه‌زار دۆنم زه‌وی كرابووه برنج و به‌رهه‌مه‌كه‌شی 28 هه‌زار تۆن بوو، ئه‌گه‌ر باران بێت و وشكه‌ساڵی نه‌بێت، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ساڵی داهاتوو رێژه‌یه‌كی زیاتری برنج بچێنرێت و به‌رهه‌میشی زیاتر بێت.
ئه‌مساڵ 20 هه‌زار دۆنم زه‌وی كرابووه برنج
هیوا عه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ "وشه" گوتی، هیچ بڕیارێك نییه كه چاندنی برنج به بیر و ئاوی ژێرزه‌وی قه‌ده‌غه بێت، جووتیاران ده‌توانن بیر و ئاوی ژێرزه‌وی بۆ چاندنی برنج به‌كار بێنن.
ئه‌مه‌ش له كاتێكدای ئه‌مساڵ له سه‌ره‌تای چاندنی برنج، بڕیارێك درا كه نابێت برنج به بیر و ئاوی ژێرزه‌وی بچێنرێت و ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی نیگه‌رانیی جووتیاران، دواتر بڕیاره‌كه هه‌ڵوه‌شایه‌وه و ئێسته‌یش جووتیاران ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه هه‌مان بڕیار بدرێت، به‌ڵام جووتیاران دڵنیا ده‌كرێنه‌وه له‌وه‌ی بڕیاری له‌و شێوه‌یه نییه و قه‌ده‌غه ناكرێت.
هه‌ولێر\بڵند ئیبراهیم