موژدەیەكی خۆش.. دەرمانێك جۆری یەكەمی نەخۆشی شەكرە چارەسەر دەكات

:: PM:05:43:22/11/2022 ‌

بەڕێوەبەرایەتی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكا رەزامەندی لەسەر بەكارهێنانی دەرمانی "تیپلیزوماب"، لە دژی جۆری یەكەمی نەخۆشی شەكرە دا، كە چارەسەرێكی سیستمی بەرگری لەشە و كار لەسەر چارەسەركردنی ریشەیی نەخۆشی شەكرە دەكات، لە بری چارەسەركردنی نیشانەكانی.

بەپێی زانیارییەكان ئەو دەرمانە توانای دواخستنی دەركەوتنی نەخۆشییەكەشی هەیە، كاتێك وا دەكات سیستمی بەرگری لەش هێرش نەكاتە سەر خانەكانی پەنكریاس، كە ئەنسۆلین بەرهەم دێنن، بەوەیش رێگری لە دەركەوتنی نەخۆشییەكە دەكات، كە ئەوەش یەكەم دەرمانە لە دژی جۆری یەكەمی نەخۆشی شەكرە كار دەكات و دەركەوتنی دوور دەخاتەوە، بەوەش یاسای كاركردنی دەرمانەكانی دژ بەو نەخۆشییە دەگۆڕێت، كە زیاتر كاریان لەسەر نیشانەكانی كردووە.

شارەزایان دەڵێن، ئەو دەرمانە جۆرێكە لە چارەسەری سیستمی بەرگری كە كار لەسەر چارەسەركردنی هۆكاری نەخۆشییەكە دەكات نەك تەنیا نیشانەكانی، كاتێك دەرمانەكە وا دەكات سیستمی بەرگری لەش هێرش نەكاتە سەر خانەكانی پەنكریاس كە هۆرمۆنی ئەنسۆلین بەرهەم دێنن و كۆنترۆلی رێژەی شەكر لە خوێن دەكەن.

لە جۆری یەكەمی نەخۆشی شەكرەدا، پەنكریاس توانای بەرهەمهێنانی ئەنسۆلینی نامێنێت، بۆیە پێویستە تووشبوو درزی ئەنسۆلین بەكار بێنێت بۆ پارێزگاریكردن لە ئاستێكی ئاسایی شەكری خوێنی، ئەگەر چارەسەریش نەكرێت لەناوی دەبات.

كریس ئەسكیو، سەرۆكی جێبەجێكاری دامەزراوەی شەكرە لە بەریتانیا دەڵێت، ئەوە سەرەتایەكی زۆر باشە لەبارەی چۆنیەتی چارەسەركردنی جۆری یەكەمی نەخۆشی شەكرە، چونكە 100 ساڵە تووشبووانی جۆری یەكەمی شەكرە پشت بە ئەنسۆلین دەبەستن وەك چارەسەر، بەڵام ئێستە دەتوانرێت چارەسەری هۆكاری نەخۆشییەكە بكرێ و ئەگەری تووشبوون بۆ سێ ساڵ دوا بخرێت و پەرەسەندنی حاڵەتەكەش بكرێتەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل