بە مەبەستی كەمكردنەوەی تێچووی پێوەندیكردن و تۆڕەكانی ئینتەرنێت، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا باجی سەر كارتی مۆبایل لابدرێت، جیا لەوە چەند بڕیارێكی تری دا، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی هەندێك ئیمتیازاتی دارایی بەرپرسان و كەمكردنەوەی پارەی ئیفادیان بۆ دەرەوە.
ئەمڕۆ سێشەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆ بووەوە و ژمارەیەك بڕیار و راسپاردەی دەركرد، لەوانە تاوتوێی بابەتی باجی سەپێنراوی سەر كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت كرا، كە نرخی پێوەندیكردنی لە عێراق بەرز كردبووەوە و بارگرانییەكەش كەوتبووە سەر شانی هاوڵاتییان.
لەو بارەوە ئەنجوومەنەكە بڕیاری وەستاندنی وەرگرتنی 20% باجی سەر كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت دا ئەوەش لە یەكی كانوونی یەكەمی داهاتوودا، دەستەی راگەیاندن و پێوەندیكردن ئەو بڕیارە جێبەجێ دەكات، ئەو پارەشی بەر لەو كاتە وەرگیراوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت بێتە گەڕانەوە.
لە دانیشتنەكەدا باسی چەند پرسێكی تر كرا، لەوانە زیادكردنی مووچەی خانەنشینان، هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی دارایی بەرپرسان، ئەوەش لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی حكوومەت، جیا لە رێكخستنەوەی بابەتی ئیفادی بەرپرسانی حكوومەت و كۆنترۆڵكردنی خەرجییەكان.
لای خۆیەوە هیام یاسری، وەزیری پێوەندیكردن لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وردەكاری كەمكردنەوەی نرخی كارتی مۆبایل و ئینتەرنێتی روون كردەوە و گوتی، لە یەكی كانوونی یەكەمی 2022 نرخی كارتی مۆبایل دەگەڕێتەوە نرخی پێشووی، واتە كارتی پێنج هەزاری بە پێنج هەزار دینار دەبێ و 10 هەزاریش بە 10 هەزار دینار و بەو شێوەیە.
دووپاتی كردەوە كە هەروەها نرخی كارتی ئینتەرنێت بە رێژەی 20% كەم دەبێتەوە و پێویستە خەڵك كە كارت دەكڕن، لەو نرخە زیاتر نەدەن كە لەسەر كارتەكە نووسراوە.