وەزیرە ئێرانییەكەی وێنەی لەگەڵ ئافرەتە بێ سەرپۆشەكە بڵاو بووەوە دەستی لەكار كێشایەوە

:: AM:11:51:23/11/2022 ‌
وەزیری رێگەوبانی ئێران كە ماوەیەك بەرلە ئێستە وێنەی لەگەڵ ئافرەتێكی بێ سەرپۆش بڵاو بووەوە، دەست لەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی پێشكەشی سەرۆكی ئێران كرد و ئەویش رەزامەندیی لەسەر دا.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ چوارشەم 23ی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، وەزیری رێگەوبانی ئێران رۆستەم قاسمی، دەست لەكاركێشانەوەی پێشكەشی سەرۆكی ئێران ئیبراهیم رەئیسی كرد، ئەویش جێگری وەزیری كاروباری گواستنەوە شەهرەیار ئەفەندیزادەی لە شوێنەكەی دانا وەك سەرپەرشتیار، هاوكات لە پۆستەكەشی بەردەوام بێت.

میدیاكانی ئێران بڵاویان كردووەتەوە، رەئیسی گوتوویەتی رزامەندی لەسەر دەست لەكاركێشانەوەی قاسمی، بەهۆی نەخۆشییەوە بووە، هیوای خواستووە دوای چاكبوونەوەی لە نەخۆشییەكەیی، دووبارە سوود لە تواناكانی قاسمی وەربگرن.

دەست لەكاركێشانەوەی قاسمی دوای ئەوە هات كە ماوەیەك بەرلە ئێستە، ئەو وەزیرەی ئێران لە مالیزیا وێنەی لەگەڵ ئافرەتێكدا گرتووە كە سەرپۆشی لەسەر نەبووە. ئەوە لە كاتێكدایە حكوومەتی ئێران بەردەوام دووپات لە بەستنی سەرپۆش بۆ ئافرەتان دەكاتەوە. بۆیە گومان دەكرێ دەست لەكاركێشانەوەی ئەو وەزیرە بەو هۆیەوە بووبێت.

ئەو رووداوە دوای ئەوە دێ كە ژینا ئەمینی لە 13ی ئەیلوول/سێپتێمبەر لەگەڵ براكەی، بۆ بەسەركردنەوەی خزمانی سەردانی تارانی كردبوو، بەڵام لە نزیك میترۆ لەلایەن پۆلیسی ئاداب بە پاساوی جێبەجێنەكردنی رێساكانی باڵاپۆشی، دەگیرێت و سەعاتێك دوای گرتنی بە بێهۆشی دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە و دوای سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیان لە دەست دەدات. دەگوترێ ژینا لە كاتی گواستنەوە بۆ بنكەی پۆلیسی ئاداب، لە رێ لە سەری دراوە، بۆیە تووشی ئەو دۆخە نالەبارە بووه. لە 17ی ئەیلوولەوە كە ژینا بە خاك سپێرا، خۆپێشاندان دەستی پێ كردووە و بۆ تەواوی شارەكانی تری ئێران گواستراوەتەوە، ئێرانییەكان بە هەموو نەتەوە و مەزەو و پێكهاتە جیاوازەكان، داوای رووخانی رژێمی كۆماری ئیسلامی دەكەن.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د