دوای بۆردمانكردنی هەرێم.. ئێران شكایەت لە عێراق دەكات

:: PM:05:06:24/11/2022 ‌

هەفتەی رابردوو و بەر لەوەش، وەك كاردانەوەیەك بۆ ئەو خۆپێشاندانە فرەوانای زیاتر لە دوو مانگە ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە،  ئێران بە مووشەك و درۆن هێرشی كردە سەر بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لەناو هەرێمی كوردستان، كەچی نێردەی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان شكایەت لە عێراق دەكا و پاكانە بۆ بۆردمانەكانی دەكات.

ئەمەریكا و رۆژئاوا لە گوشارەكانیان بۆ سەر ئێران بەردەوامن، تا ئێستە دوو ئامانجیان هەیە، ئەوانیش رێگرتن لە بوونی بە خاوەن تەكنۆلۆجیای ئەتۆمی و ناچاركردنی بۆ گەڕانەوەی بۆ رێككەوتنی 2015، دووەم گۆڕینی هەڵسوكەوت و رەفتارە شەڕخوازەكانی لە رێگەی میلیشیا و مووشەكە باڵیستی و درۆنەكانی و بوونی بە وڵاتێكی ئاسایی و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە نەشێوێنێت و نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێكانی.

ئەمڕۆ نێردەی دیپلۆماسی هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان نامەیەكی ئاراستەی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش كرد، تیایدا هەڵوێستی دوایی ئێرانی بە بۆردمانكردنی بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان روون كردەوە، ئەو هەنگاوەش دوای ئەوە هات كە یەكێك لە بژارەكانی عێراق بۆ رێگرتن لە بۆردمان و پێشێلكارییەكانی ئێران و توركیا بۆ سەر خاكی هەرێی كوردستان، پەنابردنە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش. 

نێردەی دپلۆماسی ئێران لە نامەكەی، كە ئەمڕۆ میدیاكانی ئێران بڵاویان كردەوە دەڵێت، دوای چەندان گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، ئێران تەنیا ئەوەی لەبەردەم مایەوە كە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی بەرگری لەخۆی بكات، ئەوەش لە رێگەی بۆردمانكردنی بارەگای حزبە كوردییە بەرهەڵستكارەكان، ئێمە چەند جارێك داوای رادەستكردنی ژمارەیەك لەوانمان كردووە بۆ دادگاییكردنیان و داواشمان كردووە بارەگاكانیان دابخرێت و چەكەكانیان دابماڵرێت، بەڵام تا ئێستە هیچ نەكراوە، جیا لەوانە داوامان كردووە سوپای عێراق پاراستنی سنوورەكانی نێوان هەردوو وڵات بپارێزێت، شاندی عێراق بەوە رازی بووە و داوای كاتیشی كردووە بۆ داماڵینی چەكی ئەو حزبانە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل