وریای ئەو جۆرە سەرئێشەیە بن

:: PM:07:00:24/11/2022 ‌

سەرئێشە نەخۆشی نییە، بەڵكو نیشانەی نەخۆشییە، ئەوە قسەی شارەزایانی تەندروستییە، هۆكاری زۆرە، لەوانە ئاسایی وەك نەخەوتن یان درەنگ خواردن یان رەقبوونی شان و مل و هیتریش، بەڵام لە هەندێك حاڵەتدا ئاسایی نییە و بەردەوام و توندە و كار لە ژیانی ئەو كەسە دەكات، جیا لەوە نیشانەی تری لەگەڵدایە، بۆیە ئەوكات پێویست بە راوێژی پزیشكی شارەزا دەكات.

لەو نیشانانەی سەرئێشە كە وریایی لەبارەوە دەدرێت، سەرئێشەیەكی توند و كتوپڕ، بەتایبەتی لە تەمەنی دوای 50 ساڵ، رەنگە سەرئێشەكە لەگەڵ حاڵەتی نەخۆشی مەترسیداری شاراوە بێت، وەك ئایدز و شێرپەنجە، یان بەهۆی كۆكە و پژمینەوە بێت، یان بەهۆی وەرزشكردن یان بەركەوتنی سەری مرۆڤ یان بەربوونەوە، لە ژن لەكاتی دووگیانی یان دوای لەدایكبوون، بەگشتی ئەگەر سەرئێشە ئەو نیشانانەی خوارەوەی لەگەڵدا بوو، ئەوە دەبێت لێی وریا بیت.

سەرئێشەیەك ببێتە هۆی جووتبینی، یان هیڵنجهاتنەوە یان رێگر لە نوستن و بەجێگەیاندنی ئەركی رۆژانە، رشانەوەی بەردەوام و سستی جووڵەی پەلەكان و تێكەڵكردنی قسە و باشتر نەبوون بە تێپەڕبوونی كات و بە بەكارهێنانی ئازارشكێن، تا و دابەزینی كێشی لەگەڵدا بێت.  

لە هۆكارەكانی سەرئێشەی توند، نیگەرانی و رارایی، برسیەتی، كەمخەوی یان زۆر خەوتن، رووناكی بەهێز، ئەوانە نیوەسەرئێشە دروست دەكەن، یان دواكەوتن لە بەكارهێنانی دەرمان سەرئێشەكە بەردەوام و توند دەكات، هاتنی شلە لووت یان سوورهەڵگەڕانی چاو یان هەوكردنی كەڵێنەكانی لووت، رەنگە سەرئێشەی توند بەهۆی ماندووبوونی زۆرەوە یان وەرزشی قورسەوە دروست ببێت، یان تووشبوون بە سەكتەی مێشك و خوێنبەربوون و گرێی مێشك و هەوكردنی، یان بەرزبوونی پەستانی خوێن و پەستانی چاوەكان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل